
یاریگا –
رۆژی یەکشەممە، 10ـی ئایار کاتژمێر 22:00 بە کاتی هەولێر، لە هەفتەی 35ـی لالیگا و کلاسیکۆدا بارسێلۆنا لەنێو سپۆتیفای کامپ نۆو میوانداریی ریال مەدرید دەکات. ژوول کوندێ پێش کلاسیکۆ قسەی کرد و روونی کردەوە کە تیمەکە سەرنجی لەسەر بردنەوەی خولەکەیە.
بەرگریکارە فەڕەنسییەکە گوتی:
تیمەکە لە دۆخێکی باشدایە، بە خۆش و خرۆشە. دەمانەوێت لالیگا ببەینەوە، یەکسانبوونێک بەس دەبێت، بەڵام دەمانەوێت لە ریال مەدرید ببەینەوە. خاڵی سەرەکی ئەوەیە وەکوو یەک تیم بە باشی فشار بکەین، نەوەکوو تەنیا لە بەرگریدا. دەبێت زۆر سەرنجمان لەسەر یارییەکە بێت. ئومێدەوارم یارییەکی نایاب ئەنجام بدەم. یادگاری زۆر باشم بەرامبەر ریال مەدرید هەیە.
کوندێ، کە پێشبینی دەکرێت لە باڵی راستەوە سەرەکی بێت، دانی بەوە دانا کە ڤینیسیۆس جونیۆر قورسترین رکابەریەتی:
ڤینیسیۆس ئەو یاریزانەیە کە زۆرترین کێشەی بۆ دروست کردووم. ئەو زۆر خێرایە و بەردەوام ئاراستەی خۆی دەگۆڕێت.

هەروەها وەکوو رکابەرێکی دیکەی سەخت باسی لە رافایل لیاو کرد، بەڵام گوتی راهێنان بەرامبەر لامین یامال یارمەتی دەدات ئامادەبێت: “لامین ناچاری کردووم باشترین ئاستی خۆم لە راهێنانەکاندا پێشکەش بکەم.”
کاتێک ئەو گۆڵەی بیرهێنایەوە کە لە کاتی زیادکراوی یاری کۆتایی جامی شای وەرزی رابردوودا تۆماری کرد وەک یەکێک لە باشترین ساتەکانی لە یانەکەدا.
سەبارەت بە ئەقڵییەتی بیرکردنەوەی بەرگریکارەکەی بارسێلۆنا دەڵێت: “حەز ناکەم بەبێ فشار بژیم. من بە باشی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەم، ئەمە بەشێکە لە کارەکەمان و حەزم لەو هەستەیە.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە پێش یارییەکان گوێ لە مۆسیقا دەگرێت بۆ ئەوەی سەرنج بدات و بە گاڵتەوە گوتی لە نێوان هاوڕێکانی تیمەکەیدا، لامین یامال باشترین ستایلی جلوبەرگی هەیە: “لامین ستایلێکی تایبەتی هەیە. هەمیشە حەزم بە جلەکانی نییە، بەڵام ئەو هەڵدەبژێرم.”



