گەڕانەوە بۆ چامپیۆنزلیگ گیرفانی یاریزانانی مانچێستەر یونایتد پڕدەکات
شۆڕشەکەی مایک کاریک بەرهەمی هێنا

یاریگا –
سەرکەوتنی مانچێستەر یونایتد بۆ وەرزی داهاتوویچامپیۆنزلیگ نەک تەنیا دەستکەوتێکی گەورەی وەرزشییە، بەڵکوو دیارییەکی گرانبەهاشە بۆ گیرفانی یاریزانەکانی.
رۆژنامەی گاردیان بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی بڕگەی گرێبەستەکانیان، زۆربەی یاریزانانی شەیتانە سوورەکان مووچەکانیان بە رێژەی لە %25 بەرز دەبێتەوە.
برونۆ فێرناندێش کە خاوەنی بەرزترین مووچەیە لە یانەکەدا، دوای ئەم زیادکردنە مووچەی هەفتانەکەی دەگاتە نزیکەی 250 هەزار پاوەند. لە هەمان کاتدا، گرێبەستە نوێیەکەی کۆبی مەینوو و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی هاری ماگوایەر، پاداشتی تایبەت بە بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگیان تێدا جێگیر کراوە. هەروەها، بێبەشبوونی هەندێک یاریزان لەم بەرزکردنەوەیە، پەیوەستە بە مەرجە تاکەکەسییەکانی نێو گرێبەستەکانیان.

مانچێستەر یونایتد رۆژی یەکشەممەی رابردوو بە بردنەوەیەکی گرنگ لە یانەی لیڤەرپوول لەنێو ئۆڵدترافۆرد، دوای دوو ساڵ دابڕان گەڕانەوەی بۆ پاڵەوانێتییە گەورەکەی ئەوروپا مسۆگەر کرد. ئێستا تیپەکە بە کۆکردنەوەی 64 خاڵ لە پلەی سێیەمی پرێمەرلیگدایە.
ئەندازیاری ئەم سەرکەوتنە گەورەیە، مایکل کاریکی راهێنەری کاتییە، دوای ئەوەی لە مانگی یەک جێگەی روبن ئامۆریمی گرتەوە، کاریک توانیویەتی لە کۆی 14 یاریی، 10 بردنەوە بۆ یانەکەی بەدەستبهێنێت و بەهۆی ئەم ئاستە بەرزەوە، چاوەڕوان دەکرێت کاریک پاداشت بکرێت و ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەی بە یەکجاری پێبسپێردرێت.



