عێراقکوردستان

تیروپشکی قۆناخی کۆتایی خولی نایابی عێراق راکێشرا

Yariga App

یاریگا –

تیروپشکی قۆناخی کۆتایی خولی نایابی عێراق راکێشرا و یانەی پێشمەرگەی سلێمانی کە تاکە نوێنەری هەرێمی کوردستانە لە کۆمەڵەی دووەم یاریی دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە (2ـی حوزەیران/یۆنیۆی 2024) لە بارەگای یەکێتی تۆپی پێی عێراق لە شاری بەغدا تیروپشکی قۆناخی کۆتایی خولی نایابی عێراق ڕاکێشرا و شێواز و کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکان دەستنیشانکرا کە هەشت یانە گەیشتوونەتە ئەو قۆناخە.

بەگوێرەی ئەنجامی تیروپشکەکە یانەکان دابەشی سەر دوو کۆمەڵە کراون، کۆمەڵەی یەکەم لە یانەکانی ناسڕیە، جۆلان، رومادی و گەرمە پێکدێت، کۆمەڵەی دووەمیش لە یانەکانی دیالە، پێشمەرگەی سلێمانی، مەسافی وەسەت و ئیتیساڵات لەخۆ دەگرێت، یارییەکان بە شێوازی چوون و هاتن بەڕێوەدەچن و رۆژی 14ـی ئەم مانگە یارییەکان دەستپێدەکەن.

پاڵەوانی هەر کۆمەڵەیەک ڕاستەوخۆ سەردەکەون بۆ ڕیزی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بۆ وەرزی داهاتوو، خاوەن پلەی هەر دوو کۆمەڵەش لەگەڵ یەکتر یاریی دەکەن و براوەیان بەرامبەر دۆڕاوی خاوەن خانەی حەڤدەم و هەژدەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق یاریی دەکات و براوەی ئەم یاریەش لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دەبێت بۆ وەرزی 2024_2025.

کۆمەڵەی یەکەم: ناسڕیە، جۆلان، رومادی، گەرمە.

کۆمەڵەی دووەم: دیالە، پێشمەرگەی سلێمانی، مەسافی وەسەت، ئیتیساڵات.

گەرمە لە یاریگای زاخۆ یارییەکانی دەکات

رەوەند عەبدولخاڵق سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی گەرمە تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگای ڕاگەیان: ‘یارییەکانی یانەی گەرمە لە یاریگای زاخۆ بەڕێوەدەچن کە یەکەم یارییان بەرامبەر یانەی جۆلان دەبێت، یاریی دووەمیش بەرامبەر رومادی لە یاریگای رومادی دەکرێت، بەڵام بەبێ ئامادەبوونی هاندەرانی یانەی رومادی دەبێت چونکە هاندەرانی یانەکە لەلایەن یەکێتی تۆپی پێی عێراقەوە سزادراون.

یانەی پێشمەرگەی سلێمانیش لە یەکەم یارییدا لە یاریگای فەرماندەیی لە سلێمانی ڕووبەڕووی یانەی ئیتیساڵات دەبێتەوە، لە یاری دووەمیشدا لە بەغدا بەرامبەر مەسافی یاری دەکات، بەگوێرەی خشتەکەش پێنج رۆژ جارێک یارییەکان بەڕێوە دەچن.

یارییەکانمان لە قۆناخی کۆتایی خولی نایابی عێراق لە یاریگای زاخۆ دەکەین.

بابەتی زیاتر

Back to top button