چامپیۆنزلیگراپۆرتی تایبەتگرنگترین

ئەمشەو تۆنی کرووس و مارکۆ رۆیس بۆ دواجار ماڵئاوایی لە یانەکانیان دەکەن

Yariga App

یاریگا –

ئەمشەو تۆنی کرووس و مارکۆ رۆیس بۆ دواجار ماڵئاوایی لە یانەکانیان دەکەن، دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە تاهەتایە درێسی یانەکانیان دادەکەنن و چیدیکە بە درێسە سپی و زەردەکان نایانبینینەوە، ئەمشەو هەرچییەک رووبدات ئەڵمانییەکان بەهۆی لەدەستدانی دوو ئەفسانەی تۆپی پێی وڵاتەکەیان دڵتەنگ دەبن.

تۆنی کرووس کە لەوەتەی ساڵی 2014 لە ریال مەدرید یاریی دەکات، دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ ئەمشەو دوایین یاریی بە درێسی ریال مەدرید دەکات و ئەم هاوینە دوای بەشداریکردنی لە جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بەیەکجاریی واز لە یاریکردن دەهێنێت.

کرووس (34 ساڵان) کە ئەم وەرزە نازناوی لالیگا و جامی سوپەری ئیسپانیای لەگەڵ ریال مەدرید بەرزکردەوە، دەیەوێت بە بەرزکردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ ماڵئاوایی لە یانە مەدریدییەکە بکات کە پێشتر پێنج جار نازناوەکەی بەدەستهێناوە، جارێک لەگەڵ بایرن میونشن و چوار جار لەگەڵ ریال مەدرید جامە گوێچکەدارەکەی بەرزکردووەتەوە.

مارکۆ رۆیس (35 ساڵان) کە دوێنێ رۆژی لەدایکبوونی بوو، دوای 12 ساڵ ماڵئاوایی لە هاندەرانی بۆڕووسیا دۆرتموند دەکات و وەکو ئەوەی پێشتر رایگەیاندووە، ئەمشەو دەبێتە دوایین یاریی خۆی بە درێسی زەردپۆشەکان و یانەکە بەجێدەهێڵێت.

رۆیس کە لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2013 بەرامبەر بایرن میونشن دۆڕان، دەیەوێت ئەمشەو بە بەرزکردنەوەی جامە گوێچکەدارەکە ماڵئاوایی لە زەردەوالەکان بکات.

دەستکەوتەکانیان لەگەڵ یانەکانیان

رۆیس بە درێسی بۆڕووسیا دۆرتموند لە 428 یاری 170 گۆڵ و 131 ئەسیستی کردووە و پێنج نازناوی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێناوە، سێ جامی سوپەری ئەڵمانیا و دوو جامی ئەڵمانیای بەرزکردووەتەوە.

رۆیس لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2013 یاریی دەکرد و نەیانتوانی نازناوەکە بەدەست بهێنن، وەرزی رابردووش لە دوایین گەڕ لە بەدەستهێنانی نازناوی بۆندسلیگا بێبەش بوون.

کرووس لەگەڵ ریال مەدرید لە 463 یاری 22 نازناوی بە درێسی مێرەنگی بەدەستهێناوە، کە چوار جار لەگەڵ سپیپۆشەکان بووەتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ و 5 جامی سوپەری ئەوروپا و 4 نازناوی لالیگای بەدەستهێناوە.

چی لەبارەی ماڵئاوایی ئەو دوو ئەستێرەیە دەڵێن؟

نیکلاس فلوکروگ، هێرشبەری بۆڕووسیا دۆرتموند لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لەبارەی دوایین یاریی کرووس و رۆیس دەڵێت :’ئەوان هەردووکیان ئەفسانەن و شایستەی ئەوەن نازناوەکە ببەنەوە، من زۆر بە سادەیی پێت دەڵێم تۆنی کرووس شایستەی نازناوی چامپیۆنزلیگە، چونکە بە بڕوای من ئەو یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی مێژووی تۆپی پێ، بەڵام ئەمجارە لەم یارییە کۆتاییە بەدڵنیاییەوە ئارەزوو دەکەم رۆیس نازناوەکە بباتەوە، ئەگەر بە دەستی من بووایە نازناوی چامپیۆنزلیگم بە رۆیس دەدا و جامی نەتەوەکانی ئەوروپاشم بە کرووس دەدا، بەمەش من هەردوو نازناوەکەم دەبردەوە’.

پێشبینی دەکرێت ئەمشەو مارکۆ رۆیس لە پێکهاتەیە سەرەکی دۆرتموند نەبێت و لەسەر کورسی یەدەک سەیری یارییەکە بکات، بەڵام کرووس لە پێکهاتەی سەرەکی یارییەکە دەبێت، کە ناوەڕاستکارە ئەڵمانییەکە لەبارەی دوایین یاریی خۆی بەدرێسە سپییەکە دەڵێت :’با راستگۆ بم لەگەڵتان من زۆر بیر لە خۆم ناکەمەوە، ئەم یارییە بۆ یانەکەمان زۆر گرنگە و پێویستە سەربکەوین، بێگومان ئەو یارییە دەبێتە دوایین یاریی من لەگەڵ ریال مەدیرد، بەڵام هێشتا جومی نەتەوەکانی ئەوروپا دەمێنێت’.

سێباستیان کیل، بەڕێوەبەری وەرزشی بۆڕووسیا دۆرتموند دەڵێت :’وابزانم کرووس هێندە نازناوی بەدەستهێناوە کە پێویستبووە، بەڵام ئەمجارەیان نۆرەی مارکۆیە، هیوادارم لەپێناوی رۆیس نازناوی چامپیۆنزلیگ ببەینەوە، چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش دەبێت ئەگەر رۆیس گۆڵی بردنەوە لە یاریی کۆتایی بکات’.

بابەتی زیاتر

Back to top button