ڕۆناڵدۆ: بەرامبەر لۆکسمبۆرگ لە ناو کێڵگەی پەتاتە یاریمان کرد
یاریگا- سەرەڕای بردنەوەی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر لۆکسمبۆرگ بە دوو گۆڵی خاوێن و تۆمارکردنی گۆڵکێک لە کۆتا خولەکەکانی یارییەکەدا لەلایەن ڕۆناڵدۆ خۆیەوە، دۆن ڕەخنەی توندی لە یاریگاکە گرت و بە “کێڵگەی پەتاتە”ی ناوبرد.
لە کۆبوونەوەی ڕۆژنامەوانی دوای یارییەکە، کاپتنەکەی پورتوگال گوتی: “هەمیشە جێگەی شانازیمە کە نمایندەی هەڵبژاردەی پورتوگالبم و گۆڵ تۆمار بکەم و ببێتە هۆکار بۆ سەرکەوتنمان. ئەو دوو یاریەمان هەبوو کە دەبوو بیبەینەوە، خۆشحاڵم کە بردمانەوە و سەرکەوتم بۆ پێنجەمین بەشدارییم لە جامی یۆرۆ. یاریکردن لەسەر ئەو جۆرە یاریگایانە قورسە، کێڵگەی پەتاتە بوو. من نازانم چۆنە کە تیپێکی لەم مستەوا بێن و لەسەر یاریگایەک یاری بکەن کواڵیتیەکەی وەها بێت. ئێمە یارییەکی جوانمان نەکرد، بەڵام بردنەوەمان دەویست و هەر ئەوەش ئامانجمان بوو.”
پورتوگال بە هاوشانی ئۆکرانیای پێشەنگ، سەرکەوتنیان بۆ یۆرۆی 2020 مسۆگەر کرد، کە هاوینی داهاتوو لە چەند شارێکی وڵاتانی جیاواز بەڕێوە دەچێت.