یاریگا –
مانچێستەر سیتی دوا وادەی بۆ پێپ گواردیۆلا داناوە، تاوەکو بڕیاری کۆتایی لەسەر داهاتووی بدات.
گواردیۆلا لە هاوینی ساڵی 2016 پەیوەندی بە مان سیتییەوە کرد، لەو ساتەوە کۆنتڕۆڵی تۆپی پێی ئینگلتەرای کردووە و شەش پرێمەرلیگی لە ماوەی حەوت ساڵدا بەدەستهێنا، هەروەها نازناوی چامپیۆنزلیگی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بۆ مان سیتی بردەوە. بە گشتی گواردیۆلا 15 نازناوی گەورەی بۆ سیتیزنز بەدەستهێنا.
گواردیۆلا پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ تیکسیکی بێرگیریشتاین، بەڕێوەبەری وەرزشی مان سیتی هەیە، بۆیە یانەکە پەلە لە راهێنەرەکە ناکات، بەڵام دەیەوێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، چارەنووسی یەکلایی بکاتەوە.
تۆڕی ESPN بڵاویکردووەتەوە، گواردیۆلا دەیەوێت لە دوای مۆندیالی 2025ی یانەکان، واز لە پۆستەکەی بهێنێت، بەڵام مان سیتی دەیەوێت تاوەکو سەری ساڵ، بڕیاری کۆتایی و وادەی وازهێنانی گواردیۆلا بزانێت.
گواردیۆلا لە دوای بردنەوەی پرێمەرلیگ بە میدیاکانی راگەیاند ”ئێستا لە جێهێشتنی مەدرید نزیکبوومەتەوە”. گواردیۆلا پێی وایە فشاری پرێمەرلیگ رۆژ دوای رۆژ زیاد دەبێت و خەریکە توانای نامێنێت.
ESPN روونیکردووەتەوە، گواردیۆلا چاوی لە هیچ پۆستێکی دیکە نییە، بەڵکو دەیەوێت دوای مان سیتی، ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەیەکی نیشتمانی و بەشداری مۆندیالی 2026 بکات.
مان سیتی دەزانێت، پڕکردنەوەی شوێنی گواردیۆلا ئاسان نابێت، چونکە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر مێژووی یانەکە دروستکردووە، ئەمە جیا لە گۆڕینی سەرتاسەری شێوازی یاریکردنی مان ستی.