یاریگا –
داروین نونێز، یاریزانی ئوروگوایی بۆ یەکەمجار باسی چوونە دەرەوەی یۆرگن کڵۆپی کرد.
بەر لە دوا یاری لیڤەرپوول بەرامبەر وۆڵڤز لە ئانفیڵد، یاریزانانی رێدز رێرەوێکی رێزلێنانیان بۆ کڵۆپ دروستکرد، بەڵام لە گرتەکاندا دەردەکەوێت، نونێز خۆی لە چەپڵەلێدان و نزیکبوونەوە لە کڵۆپ دەپارێزێت. بەڵام هەفتەیەک دوای چوونە دەرەوەی راهێنەرە ئەڵمانییەکە، نونێز باسی کاریگەری کڵۆپ لە یانەکەی دەکات
نونێز بە رۆژنامەی پۆلی دیپۆرتیڤۆی گووتوە
هەموومان بە ماڵئاواییەکەی کڵۆپ شۆک بووین، کەس پێشبینی ئەم بڕیارەی نەدەکرد، بەڕاستی زۆر نیگەران بووم بە چوونەدەرەوەی. دەمەویست کڵۆپ بە دەرگایەکی گەورە ماڵئاوایی بکات، وەک بردنەوەی نازناو، ئینجا یانەکە جێبهێڵێت. هیوای باشترینی بۆ دەخوازم.
کڵۆپ دوای 9 ساڵ لیڤەرپوولی جێهێشت و لە سەرەتای مانگی داهاتوودا، ئارنە سڵۆت، راهێنەری هۆڵەندی بە فەرمی کارەکانی لە یانەکە دەستپێدەکات.
گومانێکی زۆر لەسەر مانەوەی نونێز لە لیڤەرپوول هەیە، بە تایبەت لە دوا چوار یاری یانەکە لەسەر کورسی یەدەک بوو، هەروەها لە پڕ تەواوی وێنەکانی لیڤەرپوولی لە هەژمارەکەی ئینستاگرامی سڕییەوە، ئەمەش گومانەکانی زیادکردووە.
نونێز لە وەرزی رابردوودا 18 گۆڵ و 13 ئەسیستی بۆ لیڤەرپوول کردووە. ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئوروگوای ئامادەکاری بۆ کۆپا ئەمێریکا دەکات.