ئه‌وروپاگرنگترین

ئەگەر هەیە رۆناڵدۆ لە چامپیۆنزلیگ ببینرێتەوە؛ راهێنەرێک بەتایبەت داوای گواستنەوەی کردووە

Yariga App

یاریگا –

وەک هێشتا خۆری لە ئەوروپا ئاوا نەبووبێت، کریستیانۆ رۆناڵدۆ داخوازی لەسەرە بۆ گەڕانەوە بۆ خولێکی گەورەی ئەو کیشوەرە.

دۆن رۆناڵدۆ کە دوای دوو ساڵ یاریکردن بۆ نەسری سعودی توانی مەکینەی گۆڵکردنی بخاتەوە کار و توانا گۆڵکارییەکانی پیشانی جیهان بداتەوە، ئێستا چانسی ئەوەی بۆ هاتووەتە پێشەوە بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەوروپا لە دەرگای بایەر لیڤەرکۆزنەوە. ئەوە بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی تەلەفزیۆنی Fox Deportesی ئەمریکی کە بە زمانی ئیسپانی بەرنامەکانی پەخش دەکات.

ئەو سەرچاوەیە بڵاوی کردووەتەوە کە چابی ئاڵۆنسۆ بەتایبەت داوای گواستنەوەی ئەفسانە پورتوگالیەکە کردووە بۆ وەرزی داهاتوو بەتایبەت بۆ کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونە دەوڵەمەندەکەی دۆن لە چامپیۆنزلیگ.

لیڤەرکۆزن کە بۆ 51 یاریی هیچ شکستێکیان لە دژ تۆمارنەکرا لەم وەرزە، براوەی جامی ئەڵمانیا و بۆندسلیگان، گرەوێکی قورسیان لەپێشە بۆ وەرزی داهاتوو بەتایبەت لە خولی یانە پاڵەوانەکان، ئەوە دوای ئەوەی لە یەکەم ئەزموونی ئەورووپیاندا لە فیناڵی یۆرۆپالیگ بە ئاتڵانتا دۆڕان. هەربۆیە دەیانەوێ تیمێکی ئامادەتر بونیات بنێن لە ئێستاوە.

دۆن کە وەرزی رابردوو بە 54 گۆڵ توانی ببێت بە باشترین گۆڵکار لەسەر ئاستی جیهان، ئەم وەرزەیش تا ئێستا 48ی تۆمار کردووە و دوو یاریی لەپێش ماوە بۆ گەیشتن بە 50 گۆڵ. بەرانبەر ئیتحاد لە کۆتا هەفتەی خولی سعودی و، یاری فیناڵی جامی شا سەلمان بەرانبەر هیلال.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button