ئه‌ڵمانیائیتاڵیاچامپیۆنزلیگراپۆرتی تایبەتگرنگترین

چۆن شەش یانەی ئیتاڵی و ئەڵمانی بەشداریی چامپیۆنزلیگ دەکەن؟

رۆما و ئێنتراخت فرانکفۆرت دوعا بۆ دۆڕانی ئاتاڵانتا و ریال مەدرید دەکەن

Yariga App

یاریگا –

ئاتاڵانتا بەهۆی بەدەستهێنانی نازناوی یۆرۆپالیگ هیوای رۆمای بۆ بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگ زیندوو کردەوە، دەکرێت وەرزی داهاتوو شەش یانەی ئیتاڵی و پێنج یانەی ئەڵمانی بەشداریی چامپیۆنزلیگ بکەن.

دوای ئەوەی ئاتاڵانتا توانی لە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ 3-0 لە بایەر لیڤەرکوزن بباتەوە و نازناوەکە بەدەست بهێنێت، هیوای ئیتاڵییەکانی بۆ بەشداریکردنی شەش یانە لە وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ هێشتەوە، بەڵام دەبێت هاندەرانی رۆما چاوەڕێی ئەنجامی دوو یارییەکەی ئاتڵانتا بکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە چامپیۆنزلیگ.

گوورگەکانی رۆما دوعایان بۆ بردنەوەی ئاتاڵانتا کرد، ئێستا دوعا بۆ دۆڕانیان دەکەن

بەهۆی ئەوەی سیستەمی چامپیۆنزلیگ بۆ وەرزی داهاتوو ژمارەی یانەکان لە 32 یانە بۆ 36 یانە زیادکراون و لە پێنج خولە بەهێزەکەی ئەوروپا بەگوێرەی ئەنجامی یارییەکانی وەرزەکانی ئەمدواییەی، پێنج یانە لە بۆندسلیگا و سێریا ئەی دەگەنە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.

لە سێریا ئەی یانەکانی ئینتەر میلان، ئەیسی میلان، بۆڵۆنیا و یوڤێنتۆس گەیشتنیان بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو مسۆگەر کردووە، ئاتاڵانتاش وەکو پاڵەوانی یۆرۆپالیگ بلیتێکی بەشداریکردنی لە وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ مسۆگەر کردووە، دەکرێت لە سێریا ئەی شەش یانە بەشداریی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو بکەن.

بەگوێرەی یاسا و رێنماییەکانی یوێفا، پاڵەوانی یۆرۆپالیگ راستەوخۆ بلیتێکی بەشداریکردنی لە وەرزی دواتری چامپیۆنزلیگی پێدەدرێت، بەڵام بەو مەرجەی ئەو یانەیەی دەبێتە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ لە خولی انوخۆیی وڵاتەکەی لە چوار پلەکەی پێشەوەی ریزبەندی نەبێت.

ئاتاڵانتا کە بە کۆکردنەوەی 66 خاڵ لە پلەی پێنجەمی سێریا ئەی دێت، دوو یاریی بەرامبەر تۆرینۆ و فیۆرێنتینا ماوە، ئاتاڵانتا ئەو دوو یارییەی بباتەوە دێتە پلەی سێیەم و بەپێش بۆڵۆنیا و یۆڤێنتۆس دەکەوێتەوە، بەمەش رۆمای شەشەم مافی بەشداریکردنی لە چامپیۆنزلیگ نابێت، بۆیە هاندەرانی رۆما هیوادارن ئاتاڵانتا هەر لە پلەی پێنجەم بمێنێتەوە بۆ ئەوەی رۆمای شەشەم بگاتە چامپیۆنزلیگ.

ئێنتراخت فرانکفۆرت لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دوعا بۆ دۆڕانی ریال مەدرید دەکات

لە بۆندزلیگا یانەکانی بایەر لیڤەرکوزن، شتوتگارت، بایرن میونشن و لایپزیگ بلیتی وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگیان بەدەستهێناوە، بەڵام جگە لەو چوار بلیتە بۆڕووسیا دۆرتمۆندیش کە پلەی پێنجەمی خولەکەی بەدەستهێناوە مافی بەشداریکردنی لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو دەبێت.

ئێنتراخت فرانکفۆرت کە بە 47 خاڵ پلەی شەشەمی گرتووە، هیوا دەخوازن دۆرتمۆند لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە ریال مەدرید بباتەوە، بۆ ئەوەی وەکو پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ بلیتێکی وەرزی داهاتوو بەدەست بهێنێت و بلیتەکەی بە ئێنتراخت فرانکفۆرت بدرێت و شەش یانەی ئەڵمانی بەشداریی چامپیۆنزلیگ بکەن.

ئەگەر دۆرتمۆند ببێتە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ، ئەوا لە بۆندزلیگاش شەش یانە سەردەکەون و ئێنتراخت فرانکفۆرتیش هاوشانی پێنج یانەکەی دیکە سەردەکەوێت، کە بەهۆی زیادبوونی ژمارەی یانەکانی چامپیۆنزلیگ وەرزی داهاتوو پێنج یانەی بۆندزلیگا مافی بەشداریکردنیان دەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button