ئیسپانیاگرنگترین

ئایا مێسی بە کەیسێکی گەندەڵی لەگەڵ یوێفا و یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا تێوەگلاوە؟

کەیسێکی گەندەڵی لەسەر مێسی و پیکێ ئاشکرا دەبێت

Yariga App

یاریگا –

دزەپێکردنی فایڵێکی دەنگیی، لیۆنێل مێسی و جێرارد پیکێ، ئەستێرەکانی پێشووی بارسێلۆنا لە کەیسێکی گەندەڵی تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی مووچەکانیان لە سەردەمی کۆرۆنا تێدەگلێنێت.

سەرەتای کەیسەکە بۆ ئەپریل/نیسانی ساڵی 2020 دەگەڕێتەوە، کاتێک بارسێلۆنا پێشنیازی کەمکردنەوەی مووچەی یاریزانانی بەڕێژەی 70% کرد، ئەمەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و دروستکردنی کاریگەری لەسەر داهاتی یانەکە. مێسی و ئەستێرەکانی دیکەی بارسا بە پێشنیازەکە رازیبوون.

پێگەی ئۆبجێکتڤ ‘The Objective’ بڵاویکردووەتەوە، چەندین بەڵگەی نووسراو و بیستراوی نێوان مێسی و پیکێ لەگەڵ ئالێکساندەر چێڤرین، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا و لویس روبیالێس، سەرۆکی لەکارلادراوی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیای دەستکەوتووە.

یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنی لەبارەی کەیسەکە لە 2ی ئەپریل/نیسانی ساڵی 2020 لە نێوان پیکێ و روبیالێس کراوە، لە پەیوەندییەکەدا، پیکێ نیگەرانی خۆی و مێسی بە کەمکردنەوەی گەورەی مووچەکانیان گەیاندە روبیالێس، پەیوەندییەکەش بە رەزامەندی مێسی کرابوو. پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە نزیکەی یەک کاتژمێری خایاندبوو.

رۆژی دواتر، روبیالێس پەیوەندی بە چێڤرین کردووە و پێی گووتوە

جارێکی دیکە قسەم لەگەڵ مێسی و پیکێ کردووە، تۆ دەزانیت من ئەوان باش دەناسم و پیکێ هاوڕێیەکی نزیکی منە. مێسی و پیکێ بە منیان گوتووە، تکایە، نابێ کەس بزانێت ئێمە قسەمان لەگەڵ تۆ کردووە، چونکە ئەگەر ئاشکرابێت، خەڵک دەمنکوژێت. منیش پێم گوتن، مەترسن و بابەتەکە بە نهێنی دەمێنێتەوە.

لەدوای پەیوەندییەکەی نێوان روبیالێس و چێڤرین، سەرۆکی لەکارلادراوی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا پەیوەندی بە پیکێ کردەوە و دووپاتیکردەوە، هەردوو یەکێتییەکە ئامادەن یارمەتی پیکێ و مێسی بدەن. بەگوێرەی بەڵگەکان بێت، روبیالێس، پیکێ و مێسی پەیوەندییەکی هاوبەشییان کردووە.

لە 4ی ئەپریل/نیسانی هەمان ساڵدا، دوای دوو رۆژ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیان، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا رووناکی سەوزی بۆ دەستپێکردنی کەیسێک لە دژی بابەتی کەمکردنەوەی مووچەی یاریزانانی بارسێلۆنا بە روبیالێسدا، داواشیلێکرد زوو بابەتەکە بگەیەنێتە مێسی.

روبیالێس پێشنیازێکی بە چێڤریندا و داوایلێکرد، ئەو داهاتەی یوێفا بۆ یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیای دەنێرێت، بە شێوازێک بنێردرێت، سوود بە لیۆ مێسی و یاریزانانی دیکەی زیانمەند بگەیەنیێت.

لە 6ی ئەپریل/نیسانی ساڵی 2020، روبیالێس پێشنیازەکەی بۆ چێڤرین نارد، داوایلێکرد گۆڕانکاری لە 4%ی داهاتی مافی گواستنەوەی تەواوی یارییەکانی یەکێتیی ئەوروپادا بکرێت، کە پێشتر بە شێوازێکی دیاریکراو لە نێوان یەکێتییەکانی نیشتمانی دابەش دەکرا، روبیالێس داوای بڕینی 50%ی داهاتەکەی لێکرد، تاوەکو بەسەر بەشێک لە یاریزانانی بارسێلۆنا دابەش بکرێت، وەک قەرەبووێک بۆ کەمکردنەوەی مووچەکانیان بەهۆی کۆرۆنا.

ئۆبجێکتیڤ لە زاری چەند سەرچاوەیەکی دادوەری بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی جیاواز لەبارەی بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی کەسی هەیە، چونکە یاریزانانی تێوەگلاو لە کەیسەکە، سوودییان لە پلانێکی ستراتیجی روبیالێس وەرگرتووە و رەنگە تایبەتمەندی باشتر لە هاوڕێیانی خۆیان پێبدرێت، بۆیە داوای بەنهێنی هێشتنەوەی کەیسەکەیان کردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button