ئینگلتەراگرنگترین

سەڵاح باسی پەیوەندییە توندوتۆڵەکەی لەگەڵ کڵۆپ دەکات

''تاهەتایە پەیوەندیمان دەمێنێت''

Yariga App

یاریگا –

محەمەد سەڵاح، یاریزانی لیڤەرپوول باسی پەیوەندییە تایبەتەکەی لەگەڵ یۆرگن کڵۆپ دەکات.

لە دوا رۆژی کڵۆپ لەگەڵ لیڤەرپوول و نزیکبوونەوەی ماڵئاوایی، محەمەد سەڵاح کە لە سەردەمی کڵۆپ لە ساڵی 2017 پەیوەندی بە رێدزەوە کرد و ئێستا یەکێکە لە سیمبولە سەرەکییەکانی یانەکە.

سەڵاح پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ کڵۆپ هەیە، هەرچەندە مانگی رابردوو لە یارییەکەی بەرامبەر وێستهام 2-2 دەمەقاڵییان لەنێواندا دروستبوو، بەڵام سەرباری ئەمەش، پەیوەندییەکی زۆر باشییان هەیە و لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی سکای سپۆرتس سەڵاح باسی جۆری پەیوەندییەکەی لەگەڵ یۆرگن دەکات

پێم وایە لە یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنی نێوانمان، ئەمە هەرگیز لەیاد ناکەم، چۆن هەوڵی رازیکردنی منیدا، تاوەکو پەیوەندی بە لیڤەرپوول بکەم. ئەو پێی گوتم خەریکی دروستکردنی تیمێکی نوێیە، هەریەکە لە سادیۆ (مانێ) و بۆبی (فیرمینیۆ) ئامادەن و چاوەڕێی من دەکەن.

لەبارەی بەرەوپێشچوون و شێوازی یاریکردن، سەڵاح دەڵێت

کڵۆپ پێی گوتم، ئاستی تۆپی پێت بەرز دەکەمەوە و لەناو یاریگا ئازادت دەکەم. ئەوکاتە گوتم باشە، دێمە لیڤەرپوول، ئێستاش چیرۆکەکە لای ئێوە ئاشکرایە کە چیمان کردووە. حەوت هەشت ساڵە بەیەکەوە کار دەکەین و چەندین یادەوەری تایبەتمان هەیە، بەڵام پێم وایە بردنەوەی پرێمەرلیگ و بردنەوەی چامپیۆنزلیگ، دوو یادەوەری زیندوون و ناتوانم هەرگیز لەیادیان بکەم.

لەبارەی کەسایەتی کڵۆپ، سەڵاح دەڵێت

بەردەوام لەڕووی مرۆییەوە سەیری دۆخەکان دەکەم. وەک یاریزان زۆر یارمەتیداوم، منیش وەک یاریزان زۆر یارمەتی ئەوم وەک راهێنەر داوە. هەردووکمان یارمەتی یەکترمان داوە و بەیەکەوە هەموو شتێکمان پێشکەشی یانەکە کرد. ئەگەر کێشەیەکم هەبێت، دەتوانم بێ دوودڵی قسەی لەگەڵ بکەم. پێم وایە تاهەتایە پەیوەندیمان دەبێت، چونکە پەیوەندییەکەمان تەنیا بە کارەوە پەیوەست نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی دۆستانەی نزیکمان هەیە.

سەڵاح ژمارەی گەورەی لەژێر سەرپەرشتی کڵۆپ بەدەستهێناوە، تاوەکو ئێستا 211 گۆڵ و 89 ئەسیستی لە 348 یاری لەگەڵ لیڤەرپوول تۆمارکردووە. بەیەکەوە نازناوی چامپیۆنزلیگ (2019) و نازناوی پرێمەرلیگ (2020)یان بردەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button