ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

لیڤەرپوول چۆن کێشەی محەمەد سەڵاح چارەسەر دەکات

لیڤەرپوول چۆن هاوکێشەی سەڵاح یەکلاییدەکاتەوە؟

Yariga App

یاریگا –

ئەنجامی یارییەکانی ئەم مانگەی لیڤەرپوول، بڕیاری لەسەر رێچکەی ئەم وەرزەیدا و گەیشتنی بە ئامانجە گەورەکە نزیکەی لەباربردووە.

دیارترین رووداوی یاری رابردووی لیڤەرپوول بەرامبەر وێستهام یونایتد، کە دەمەقاڵی نێوان یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری رێدز و محەمەد سەڵاح، ئەستێرەی یانەکە روویدا، کاردانەوەی گەورەی دروستکردووە و رەنگە ئاماژەی قووڵی تێدابێت.

مووچەی هەفتانەی یاریزانە میسڕییەکە بریتییە لە 350 هەزار پاوەند، ئەم گرێبەستەی لە ساڵی 2022 نوێکردەوە و ئێستا پرسیاری گەورە لەسەر دۆخی سەڵاح لە لیڤەرپوول دروستبووە.

پێگەی ئاتلێتیک ئاشکرایکردووە، محەمەد سەڵاح بۆ وەرزێکی دیکەش لە لیڤەرپوول دەمێنێتەوە، بەڵام بژاردەکانی بەردەوام لیڤەرپوول چین؟ باشترین بڕیار لەبارەی سەڵاحەوە چییە؟ ئارنە سڵۆت، راهێنەری داهاتووی رێدز، چۆن مامەڵە لەگەڵ مۆ سەڵاح دەکات؟

بژاردەی یەکەم: بە ئۆفەرێکی گونجاو، دەستبەجێ رێگە بەچوونە دەرەوەی بدرێت

هەرچەندە لیڤەرپوول پێشبینی مانەوەی سەڵاح دەکات بەڵام گروپی فێنوەی سپۆرتس، خاوەنی لیڤەرپوول، مۆدێڵێکی بازرگانی پەیڕەو دەکات، واتە هاوکێشەکان بە پشتبەستن بە خەمڵاندنی فرۆش و کڕین چارەسەر دەکات.

لە یۆنیۆ/حوزەیرانی داهاتوو، تەمەنی سەڵاح دەبێتە 32 ساڵ، لە دوای گەڕانەوەشی لە جامی ئەفریقا، ئاستی سەڵاح بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. هەرچەندە لە شەش وەرزی رابردوودا، سەڵاح بە یەکێک لە باشترینەکان هەژمار دەکرێت،

لە هاوینی رابردوودا، لیڤەرپوول ئۆفەرێکی 100 ملیۆن پاوەندی ئیتیحادی سعودی رەتکردەوە، رەنگە بە پاداشتەوە ئۆفەرەکە بۆ گەیشتبایە 150 ملیۆن پاوەند. بەڵام لیڤەرپوول بەرگرییەکی باشی کرد و دەستبەرداری سەڵاح نەبوو، چونکە کاتەکە گونجاو نەبوو و دۆزینەوەی جێگرەوە قورس بوو.

ئەگەر ئۆفەرێکی هاوشێوەی لە دوای تەواوبوونی ئەم وەرزە بگاتە لیڤەرپوول، رەتکردنەوەی قورس دەبێت، چونکە بەم بڕە پارەیە، رێدز دەتوانێت یاریزانێکی لاو بگوازێتەوە. جیا لەم هۆکارەش، ئایا لیڤەرپوول ئامادەیە ریسک بە داهاتووەکەی لەگەڵ سەڵاح بکات بۆ ساڵی داهاتوو؟ چونکە یاریزانانی وەک رۆبێرتۆ فیرمینۆ، ئەلێکس ئۆکسلەید چامبەرلین، نابی کێیتا، جەیمس میڵنەر، دیڤۆک ئۆریگی و جینی فاینداڵدۆم، بەبێ بەرامبەر ئانفیڵدییان جێهێشت.

هێشتنەوەی یاریزانێک کە تەنیا یەک ساڵ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستەکەی ماوە، ریسکێکی گەورەیە بۆ رێدز. راستییەکی دیکەش هەیە، ئەم جۆرە پارەیە تەنیا لە سعودییەوە بە یاریزانێکی سەرووی 30 ساڵی دەدرێت.

بژاردەی دووەم: نوێکردنەوەی گرێبەست و کەمکردنەوەی ریسک

لیڤەرپوول لەم بژاردەیە دەبێ گرەو لەسەر گەڕانەوەی سەڵاح بۆ ئاستەکەی بکات، چۆن دەتوانێت لە هاوینی داهاتوودا کێشەکانی چارەسەر بکات و ببێتە سەڵاحی جاران.

گومان لەسەر ئاست بەرزی سەڵاح نییە و بەردەوام ئاستی بەرز پێشکەش دەکات، بەڵام خۆونکردن و یەکلایینەکردنەوەی یارییەکان بۆ لیڤەرپوول، بووەتە گرێیەکی گەورە و یەکێکە لە هۆکارەکانی خراپی ئەنجامەکانی رێدز.

ئەگەر لیڤەرپوول بڕیاری هێشتنەوەی سەڵاح بدات، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئۆفەرەکە لەوەی ئێستا کەمتر دەبێت، چونکە لەدوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لە ساڵی 2022، سەڵاح بووە خاوەن بەرزترین مووچەی یانەکە.

سەرەڕای زۆربوونی رەخنەکان، سەڵاح گۆڵکار و باشترین هێرشبەری لیڤەرپوولە. بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، سەڵاح بۆ شێوازی یاریکردنی سڵۆت گونجاوە؟

ئارنە سڵۆت بە شێوازی 4-2-3-1 یاری دەکات، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی یاریزانانی باڵ، گۆڕینی شوێنە و بوونە بە یاریزانی ژمارە 10، ئەمە شێوازێکی گونجاوە بۆ ئەستێرە میسڕییەکە، چونکە زیاتر لە گۆڵی نزیکدەکاتەوە و ئەرکی دروستکردنی گۆڵی کەمتر دەبێتەوە.

ئەمە رەنگە ببێتە پاڵنەرێکی باش بۆ سڵۆت، تاوەکو سەڵاح لە پێکهاتەکەیدا بهێڵێتەوە.

بژاردەی سێیەم: با وەرزێکی دیکە بمێنێتەوە و دواتر بە خۆڕایی بڕوات !

لە چەند ساڵی رابردوودا، لیڤەرپوول ئەم سیاسەتەی هەبووە و یاریزانی تاوەکو دوا رۆژی گرێبەستەکەی هێششتووەتە، هەرچەندە بەخۆڕاییش لەدەستی داون.

تیاگۆ ئالکانتارا و جۆیڵ ماتیپ لە کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستەکانیان بەسەردەچێت، پێشتریش فیرمینۆ، چامبەرلین، کێیتا، میڵنەر، فایناڵدۆم و ئادام لالانا، بەخۆڕایی یانەکەیان جێهێشتووە.

ئەمە هاوکێشەیەکی ئاڵۆزە و دەبێ دەستەی کارگێڕی بڕیاری لەسەر بدات، چونکە دەبێ لێکەوتەکان شیبکرێنەوە، ئایا هێشتنەوەی سەڵاح باشترە لەوەی لەم هاوینەدا بە پارەیەکی زۆر بفرۆشرێت؟ ئەگەر سعودییەکان ئامادە نەبن پارەیەکی زۆر لە پێناو سەڵاح خەرج بکەن، هێشتنەوەی باشتر نییە؟ پێشبینییەکانی وەرزی داهاتوو چۆن دەبن؟

بەدڵنیاییەوە مانەوەی سەڵاح بژاردەی هێرشبەری زیاتر بە سڵۆت دەدات، تەنانەت ئەگەر بۆ یەک وەرزیش بێت، چونکە سڵۆت پێویستی بە سوپەرستارێکە، تاوەکو پلانەکانی یەکەم وەرزی لەسەر جێبەجێ بکات.

شتێکی دیکەش هەیە، رەنگە سەڵاح بگەڕێتەوە ئاستی نموونەیی خۆی و خزمەتێکی زۆری سیستمی نوێی سڵۆت بکات، چونکە جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ سیستمی کڵۆپدا هەیە.

ئەگەر لە روانگەی سەڵاحەوە سەیری بابەتەکە بکەین، مانەوە بۆ ساڵێکی دیکە، هیوای بردنەوەی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیێکی دیکەی دەخاتە بەردەم، جیا لەمەش بۆ هاوینی 2025 دەبێتە یاریزانێکی ئازاد و دەتوانێت لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە، باشترین بژاردە بۆ خۆی هەڵبژێرێت.

سەڵاح حەوت ساڵە لە لیڤەرپوولە و شارەزای تەواوی وردەکارییەکانی یانەکەی مێرسیسایدە، گۆڕینی سیستم و شێوازی یانەکە لەسەر دەستی سڵۆت، کاریگەری لەسەر سەڵاح ناکات و دەتوانێت بگونجێنێت، چونکە یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی لیڤەرپوول.

راستە تەمەنی لە 32 نزیکبووەتەوە، بەڵام سەڵاح یەکێکە لە ئەستێرەکانی پرێمەرلیگ و دەتوانێت کاری زیاتر پێشکەشی رێدز بکات.

سەڵاح ئایکۆنی 10 ساڵی رابردووی لیڤەرپوولە، تاوەکو ئێستا 210 گۆڵی کردووە و پارێزگاریکردن لە سەڵاح تاوەکو ساڵی 2026، بژاردەیەکی خراپ نییە.

بابەتی زیاتر

Back to top button