پریڤیوی یاری؛ پێش ئەوەی سەیری یاریی بایرن میونشن و ریال مەدرید بکەی ئەم زانیارییانە بزانە
یاریگا –
ئەمشەو کاتژمێر 10:00 بایرن میونشن لە یاریی چوونی قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە یاریگای ئالیانز ئارینا لە میونشن میوانداریی ریال مەدرید دەکات، کلیمێنت تورپین ناوبژیوانی فڕەنسی یارییەکە بەڕێوە دەبات و جیرۆم بریسارد ناوبژیوانی فڕەنسی وەکو ناوبژیوانی ڤار بۆ یارییەکە دەستنیشانکراوە.
بێڵینگهام رووبەڕووی دێوەزمەکەی دەبێتەوە
بایرن میونشن بۆ جود بێڵێنگهام ناوەڕاستکاری ریال مەدرید وەکو دێوەزمە وایە، ئەو ناوەڕاستکارە ئینگلیزە هەرگیز نەیتوانیوە بەرامبەر بایرن گۆڵ بکات و هیچ یارییەکیشی لە باڤارییەکان نەبردووەتەوە.
بێڵێنگهام بەرامبەر بایرن میونشن لەکۆی هەشت یاری دووچاری حەفت شکست بووە و یەکسانبوونێکیشی تۆمارکردووە، بێڵی لەو یارییانە چوار ئەسیستی کردووە، بەبێ ئەوەی بتوانێت هیچ گۆڵێک بکات.
بێڵی دوو جار بەرامبەر بایرن جامی سوپەری ئەڵمانیای لەدەست داوە، بەڵام ئەمجارەیان دەیەوێت بە دریێس ریال مەدرید تۆڵەی سەردەمی بۆڕووسیا دۆرتمۆند لە باڤارییەکان بکاتەوە و لەناو ئالیانز ئارینا ببێتە دێوەزمەی بایرن، لەکاتێکدا هەمیشە باڤارییەکان دێوەزمەی بێڵێنگهام بوون.
دووبارەبووەوەترین یاری لە مێژووی چامپیۆنزلیگ دووبارە دەبێتەوە
رووبەڕووبوونەوەی بایرن میونشن و ریال مەدرید دووبارەبووەوەترین یارییە لە مێژووی چامپیۆنزلیگ، بایرن و ریال لە مێژووی چامپیۆنزلیگ بە سیستەمی کۆن و نوێیەکەی 26 جار بەیەکگەیشتوون کە تاکە رووبەڕووبوونەوەیە لە مێژووی خولەکە هێندە دووبارە بوو بێتەوە، زۆرترین رووبەڕووبوونەوەی هەردوو یانە لە قۆناخە یەکلاکەرەوەکان بووە و 20 جار بەیەکگەیشتوون، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە.
لەکۆی ئەو 26 رووبەڕووبوونەوەی نێوانیاندا، بایرن 12 بردنەوە و ریالیش 11 بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە سێ یارییەکەی دیکەش یەکسانبووینە.
پێشتر باڤارییەکان و مەدریدییەکان لە مێژوودا حەفت جار لە قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەیەکگەیشتوون، بایرن چوار جار لەسەر ئەستۆی ریال گەیشتووەتە یاریی کۆتایی و ریال مەدریدیش دوو جار لەسەر ئەستۆی بایرن گەیشتووەتە یاریی کۆتایی.
ریال مەدرید لە دوایین پێنج رووبەڕووبوونەوەیان هیچ یارییەکی بەرامبەر بایرن میونشن نەدۆڕاندووە، مەدریدییەکان چوار بردنەوەیان بەدەستهێناوە و لە یارییەکیش یەکسانبوون.
مەدریدییەکان دەچنە ئاڵیانز ئارینا کە بووەتە دۆزەخی یانەکانی ئەوروپا
بایرن میونشن لە دوایین 24 یاریی لە یاریگای خۆی لە چامپیۆنزلیگ تەنیا یارییەکی دۆڕاندووە و لەدوایین 15 یارییدا باڤارییەکان لە ئالیانز ئارینا تامی شکستیان نەکردووە (12 بردنەوە و 3 یەکسان).
باڤارییەکان یاریگای ئالیانز ئارینایان کردووەتە دۆزەخی یانەکانی ئەوروپا، لە دوایین 29 یاریی لە ئالیانز ئارینا، بایرن میونشن تەنیا لە یەک یاری نەیتوانیوە گۆڵ بکات ئەویش بەرامبەر کۆپێنگهاگنی دانیمارکی بوو کە لەم وەرزە لە قۆناخی کۆمەڵەکان بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.
Abschlusstraining vor #FCBRMA! 🔛🔥#UCL #FCBayern pic.twitter.com/J6a6aT81qI
— FC Bayern München (@FCBayern) April 29, 2024
بایرن میونشن توانای چوار یاریزانی بۆ گەڕایەوە
پێش یارییەکەیان لە پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ، ئەڵمانییەکان توانای هەریەکە لە جەمال موسیالا و سێرجی گنابری و لیرۆی سانێ و کۆنراد لایمەریان بۆ گەڕایەوە، کە بەهۆی پێکانەوە لە مەشق و راهێنانەکانی بایرن دابڕابوون.
جگە لە ماتیس دی لیخت، تۆماس تۆوخێل بە ئامادەبوونی سەرجەم یاریزانەکانی دوایین مەشق و راهێنانی بۆ خۆئامادەکردن بۆ یارییەکەی ریال مەدرید ئەنجام دا.
هیچ یاریزانێکی ریال مەدرید پێش یارییەکەی ئەمشەو پێکانی نییە و رۆژی هەینی رابردوو بێڵینگهام و کرووس پشوویان وەرگرت و تەواوی یاریزانەکانی یانەکە بۆ ئەم یارییە ئامادەن، بەڵام دانی کارڤاخال بەهۆی کەلەکەبوونی کارتە زەردەکانی بێبەش دەبێت و لوکاس ڤازکێز شوێنی دەگرێتەوە.