یاریگا –
یانەی سێڤییا بەیاننامەیەکی لەبارەی ناوبژیوانی یارییەکەی سبەی بەرامبەر ریال مەدرید بڵاوکردەوە و رەخنەی لە کەناڵی ریال مەدرید گرتووە.
یانەی سێڤییای ئیسپانی لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندووە :’ئەم شەممەیە یانەکەمان بە نووسراوی فەرمی لێژنەی پێشبڕکێیەکانی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا لەو هێرش و پەلاماردانەی کەناڵی فەرمی یانەی ریال مەدرید ئاگادار کردەوە، کە دەکرێتە سەر کۆلیگێت دیاز دێ میرا ناوبژیوانی سەرەکی و گۆنزالێس فویرتس ناوبژیوانی ڤاری یارییەکەمان بەرامبەر ریال مەدرید، دەمانەوێت بە راپۆرتی فەرمی ئاگادار بکرێێنەوە ئایا ئەو کارانە لادانە لە یاسا و رێساکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانی یاخود نا’.
ℹ️ El #SevillaFC denuncia, ante el Comité de Competición de la @RFEF, el vídeo de Real Madrid TV contra los árbitros del #RealMadridSevillaFC.#WeareSevilla
— Sevilla Fútbol Club (@SevillaFC) February 24, 2024
یانەکەی ئەندەلووس لە بەیاننامەکەشیدا کارەکانی کەناڵی فەرمی ریال مەدریدی بە هەوڵێکی رێکخراو بۆ دروستکردنی فشار لەسەر ناوبژیوانان لێکداوەتەوە و رایگەیاندووە ‘بەهەموو شێوەیەک ئیدانەی ئەو هەوڵ و فشارانە دەکەین کە دەیانەوێت ناوبانگ و وێنەی ناوبژیوانان ناشرین بکەن’.
سێڤییا هەوڵەکانی کەناڵی فەرمی ریال مەدریدی بە هەوڵێک بۆ دروستکردنی گومان لەسەر خاوێنی ناوبژیوانانی لالیگا لێکداوەتەوە و داوای لە لێژنەی پێشبڕکێیەکان کردووە لێپێچینەوە بکەن.
سبەی یەکشەممە، ریال مەدرید لە گەڕی بیست و شەشەمی لالیگا لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی سێڤییا دەکات.