عێراقگرنگترین

یاریگای فڕەنسۆ هەریری نۆژەن دەکرێتەوە و بۆ ماوەی دوو مانگ هەولێر یارییەکانی لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەکات

Yariga App

یاریگا –

یاریگای فڕەنسۆ هەریری نۆژەن دەکرێتەوە و یارییەکانی یانەی هەولێر بۆ ماوەیەک دەگوازرێتەوە دەرەوەی یاریگای خۆی.

وەلید عارەب سەرۆکی یانەی هەولێر لە لێدوانێکی بە تۆڕی وەرزسی یاریگای راگەیاند :’یاریگای فڕەنسۆ هەریری نۆژەن دەکرێتەوە، چیمەن و تراکی یاریگاکە دەگۆڕین، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رەزامەندیی لەسەر نۆژەنکردنەوەکە داوە و لە سبەیەوە دەست بە کارەکانن دەکرێت’.

هەروەها سەرۆکی یانەی هەولێر گوتیشی :’بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان پرۆسەی گۆڕینی چیمەن و تراکی یاریگاکە نزیکەی 300 هەزار دۆلاری پێویستە و خەریکین چەند خستنەڕووێک وەربگرین بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر باشترینیان بدەین، پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکەمان نزیکەی دوو مانگی پێویستە، بۆیە ناچار دەبین چەند یارییەکی یانەکەمان بگوازینەوە یەکێک لەو یاریگایانەی رێگاپێدانیان بۆ میواندرایکردنی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق هەیە، لەوانەیە یاریگای یانەی دهۆک نزیکترین بژاردە بێت بۆ ئەوەی یارییەکانی یانەکەمانی لێ بکەین’.

‘نۆژەنکردنەوەی یاریگای فڕەنسۆ هەریری دوو مانگی پێدەچێت و بەشێک لە یارییەکانی هەولێر لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەگوازرێتەوە دهۆک’.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ساڵیادی تیرۆرکرانی شەهید فڕەنسۆ هەریرییەوە لەبارەی دۆخی چیمەنی یاریگای یانەی هەولێر رایگەیاندبوو، یاریگای فڕەنسۆ هەریری نۆژەن دەکرێتەوە و چیمەنی یاریگاکە دەگۆڕدرێت.

چیمەنی یاریگای فڕەنسۆ هەریری بە تەواوەتی تێکچووە و بەمدواییانە زۆربەی یاریزانان و راهێنەران گلەییان لە چیمەنی یاریگاکە دەکرد، رۆژی هەینی رابردوو بەهۆی بارینی بارانێکی زۆر یاریی هەولێر و کەرخ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە یاریگاکە بەڕێوە نەچوو، ناوبژیوان و سەرپەرشتیاری یارییەکە رەتیانکردەوە چیمەنی یاریگاکە بە کەلکی یاریکردن بێت.

یاریگای فڕەنسۆ هەریری - هەینی 16/02/2024
یاریگای فڕەنسۆ هەریری – هەینی 16/02/2024

بابەتی زیاتر

Back to top button