یاریگا –
ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری ئەیسی میلان، وەڵامێکی سەرنجڕاکێشی پرسیارێکی لەبارەی برایم دیاز دایەوە.
ئەمشەو میلان لە یارییەکانی پاشکۆی یۆرۆپا لیگەوە لە سان سیرۆ میوانداری یانەی رێن دەکات. میلانییەکان کە لە سێریا ئەی ئەنجامی باسیان بەدەست هێناوە، یەکە بەربژێری سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتووی یۆرۆپالیگن.
ستیفانۆ پیۆلی سەبارەت بە یارییەکەی ئەمشەو گوتی:
گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو بۆ ئێمە زۆر گرنگە. ئێمە دەمانەوێت خۆپەرست بین و بگەینە یاری کۆتایی. تێپەڕاندنی پاشکۆ ئامانجی ئێمەیە و تیمەکەم بە باشی و بە سۆزەوە ئامادە کردووە. ناتوانم بڵێم شێوازی یاری رێن هاوشێوەی کام یانەی ئیتاڵییە. من هەشت یاری رێنم بینیوە و بیرۆکەیەکم بۆ هاتووە چۆن رووبەڕوویان ببینەوە.
لە وەڵامی پرسیاری ئایا میلان چانسی بەدەست هێنانی ناسناوی یۆرۆپالیگی هەیە؟ گوتی:
پێش ئەوەی میلان بخەینە ریزی پاڵێوراوانەوە، پێویستە سەرەتا ئەم قۆناخە تێپەڕێنین پاشان وەڵامتان دەدەمەوە. بەڕای من بایەر لیڤەرکوزن و لیڤەرپوول و ئەتالانتا چانسی پاڵەوانێتییەکەیان هەیە.
ئاستی برایم دیاز لە ریال مەدرید چون دەبینی و پەشیمانی لە لەدەستدانی دیاز؟
من و برایم زۆر قسە دەکەین. یاریزانێکی بەنرخ بوو بۆ ئێمە، بەڵام دەبێت قبوڵ بکرێت کە یاریزانی ریال بووە و گەڕاندویانەتەوە. دوێنێ بۆم نووسی و دەستخۆشیم لێکرد لەسەر ئەو گۆڵەی بەرامبەر لایپزیگ تۆماری کرد، بەڵام تا ئێستا وەڵامی نەداومەتەوە.
میلان و رێن بڕیارە ئەمشەو کاتژمێر 23:00 لە یاریگای سان سێرۆ بۆ یەکەمجار لە مێژوودا رووبەڕووی یەکتر ببنەوە، یاری گەڕانەوەش بڕیارە پێنجشەممەی داهاتوو لە یاریگای رۆژۆن پارک لە فەرانسا ئەنجام بدرێت.