یاریگا –
ئەمجەد عەتوان رەتیدەکاتەوە تاهەتایە لە یاریکردن لە هەڵبژاردەی عێراق سڕکرا بێت.
دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە ئەمجەد عەتوان ناوەڕاستکاری یانەی زاخۆ و هەڵبژاردەی عێراق بەهۆی ساختەکردنی (تەزویرکردنی) پاسپۆرتەکەی لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیاوە تاهەتایە لە یارییە نێودەوڵەتییەکان سڕکراوە و ناتوانێت چیدیکە یاریی بۆ هەڵبژاردەی عێراق بکات، ئەو یاریزانە بە ستۆرییەک وەڵامی دەنگۆیەکانی دایەوە.
ئەمجەد عەتوان لە ستۆری هەژمارەکەی لە فەیسبووک ستۆری محەمەد کنانی رۆژنامەنووسی عێراقی بڵاوکردووەتەوە، کە تیایدا دەنگۆی سڕکرانی ئەمجەد عەتوانی لە هەڵبژاردەی عێراق رەتکردووەتەوە.
ئەمجەد عەتوان کە هاوینی رابردوو لە خولی قەتەڕییەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی زاخۆ کرد، بەهۆی پێکانەوە نەیتوانی بەشداریی جامی ئاسیا بکات، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەی میدیا عێراقییەکان ئەو ناوەڕاستکارە بۆ یاریی داهاتووی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیال ئامادەیە و دەتوانێت لە یاریی بەرامبەر فیلیپین ئامادە بێت، کە کۆتایی مانگی داهاتوو دەکرێت.