یاریگا –
یانەی رۆما لە بەیاننامەیەکیدا لێدوانێکی لاپۆرتا لەبارەی بەشداریکردنی یانە ئیتاڵییەکە لە سوپەرلیگ رەتدەکاتەوە.
دوای ئەوەی خوان لاپۆرتا لە دیمانەیەکی لەگەڵ رادیۆی کەتەلۆنیا گوتبووی ‘سوپەرلیگ بە بەشداریی 16 یانە دەستپێدەکات و یانەی رۆمای ئیتاڵی یەکێکە لەو یانەنەی بەشداریی خولەکە دەکات’، یانەی رۆما بە بەیاننامەیەک ئەو قسانەی لاپۆرتای رەتکردەوە.
یانەی رۆمای ئیتاڵی لە بەیاننامەکەیدا رایگەیاندووە ‘چەند کاتژمێرێک دوای بڕیارەکەی دادگای دادی ئەوروپا بە ئاشکرا رامانگەیاند پشتیوانی پڕۆژەیەکی وەکو سوپەرلیگ ناکەین، ئێشتاش هەمان بۆچوونمان هەیە و هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستەکەمان رووینەداوە، بەو هەڵوێستەمان دانەچووینەوە و بڕوای تەواومان بە دامەزراوەکانی ئەوروپا وەکو فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا هەیە’.
La nota del Club #ASRoma https://t.co/CFl5zYL1pv
— AS Roma (@OfficialASRoma) February 2, 2024
خوان لاپۆرتا کە هاوشانی فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرپەرشتی پڕۆژەی سوپەرلیگ دەکەن، لە دیمانەکەی گوتبووی ‘یانەی رۆمای ئیتاڵی و چەند یانەیەکی ئیتاڵی و هۆڵەندی و پۆرتوگاڵی ئامادەییان دەربڕیوە بەشداریی سوپەرلیگ بکەن، دەکرێت سوپەرلیگ وەکو سەرەتای چامپیۆنزلیگ ساڵی 1955 بە بەشداریی شازدە یانە دەستپێبکات، دواتر ژمارەی یانە بەشداربووەکان لە خولەکە زیاد بن’.
جگە لە ریال مەدرید و بارسێلۆنا، تاوەکو ئێستا زۆربەی یانەکانی ئەوروپا بە ئاشکرا دژایەتی سوپەرلیگ دەکەن و ئامادە نین بەشداریی خولەکە بکەن، لەکاتێکدا سەرپەرشتیارانی سوپەرلیگ دەڵێن وەرزی داهاتوو خولەکە دەست پێ دەکات.