یاریگا –
ئینتەر مەیامی لەبەر مێسی داوایەکی بارسێلۆنا رەتدەکاتەوە و بە ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانە بەرامبەر ئەو یانە ئیسپانییە رازی نابێت.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکی داوایەکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بۆ ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانەی رەتکردووەتەوە، یانە کەتەلۆنییەکە داوای کردووە، هاوینی داهاتوو لە ئەمریکا یارییەکی دۆستانە بەرامبەر یانە ئەمریکییەکە بکات.
رۆژنامە کەتەلۆنییەکە راشیگەیاندووە، ئینتەر مەیامی لەبەر دوو هۆکار داوایەکەی بارسای رەتکردووەتەوە، هاوینی داهاتوو ئینتەر مەیامی لە جامی خولی ئەمریکی یاریی هەیە و دەیەوێت پارێزگاریی لە نازناوەکەی بکات، جگە لەوەش لیۆنێل مێسی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئارجێنتینا بەشداریی کۆپا ئەمریکا دەکات و ناتوانێت دوای کۆتایی هاتنی پاڵەوانێتییەکە یەکسەر بەشداریی ئەو یارییە بکات.
چوار ئەستێرەی پێشووی بارسێلۆنا (لیۆنێل مێسی، سێرخیۆ بۆسکێتس، خۆردی ئالبا، لویس سوارێز) لە ئینتەر مەیامی یاریی دەکەن و رۆژی 23ـی ئەم مانگە لە یەکەم یارییان بۆ ئامادەکاریی بۆ وەرزی نوێی خول و پاڵەوانێتییەکانی ئەمریکا، لە یارییەکی دۆستانە دەبنە میوانی دالاس.