کوردستانگرنگترین

بژار مەهدی وردەکاری رووداوی گۆڕینی ژمارەی درێسەکەی ئاشکرا دەکات

''پێم سەیرە هەولێر لەسەر بابەتێکی لاوەکی پەنا بۆ سکاڵا کردن دەبات''

Yariga App

یاریگا-

یانه‌ی هه‌ولێر سكاڵا له‌سه‌ر یانەی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر تۆمار ده‌كات، به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی یاریزانێكی یانه‌كه‌ به‌ دوو ژماره‌ی جیاواز له‌ یارییه‌كه‌دا یاریكردووه‌.

هەولێر سکاڵا لەسەر بژار مه‌هدی، یاریزانی یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر تۆمار دەکات. درێسی ئاسایی بژار مەهدی 18-یە، بەڵام بەرپرسێکی یانەی هەولێر دەڵێت، بە دوو ژمارەی جیاواز یاریکردووە.

دیدار حامد، سه‌رپه‌رشتیاری تیمی تۆپی تۆپی پێی یانه‌ی هه‌ولێر له‌ خولی نایابی كوردستان و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی یانه‌كه‌ به‌ تۆڕی وه‌رزشی یاریگای راگەیاند

یاریزانێكی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر به‌ دوو ژماره‌ی جیاواز له‌ یارییه‌كه‌ به‌شداری كردووه‌، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی رێنماییه‌كانی فیدراسۆنی تۆپی پێی كوردستانه‌، سكاڵامان كردووه‌.

لە لایەکی دیکەوە، بژار مەهدی، ئەو یاریزانەی بە پۆشینی دوو درێس بە دوو ژمارەی جیاواز تۆمەتبار کراوە، تەواوی وردەکارییەکان بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا ئاشکرا دەکات

من درێسی ژماره‌ 18م لە بیركردبوو، ژمارەی راستەقینەی من لە پێشمەرگەی هەولێر 18یە. بەڵام بۆ ئەوەی بەشداری یارییەکە بکەم، درێسی ژمارە 8مان هێنا و بە تیپ ژمارە یەکمان لەگەڵ زیاد کرد و بووە ژمارە 18. چوومە لای ناوبژیوانی چوارەم و پشکنینی بۆ یاساییبوونی درێسەکە کرد، ئەو هیچ قسەیەکی نەکرد و رێگەی پێدام بەشداری یارییەکە بکەم. دواتر درێسەکەم گەیشت، بۆیە درێسەکەی خۆم گۆڕی. پێم وانییە هیچ شتێکی نایاسایی تێدا بێت.

هەرچەندە یانەی هەولێر لەسەر بەرزکردنەوەی سکاڵا سوورە، بەڵام نیهاد عادل، جێگری سەرۆکی پێشمەرگەی هەولێر بۆ یاریگای دووپاتکردەوە

بابەتەکە ئەوەندە گەورەنییە یانەی هەولێر سکاڵامان لێبکات. چونکە تەواوی پڕۆسەکە یاسایی بووە. یاریزانێکی ئێمە بە تیپ ژمارەی درێسەکەی بۆ کرایە 18 و ناوبژیوانی چوارەمیش رێگەی پێداوە یاری بکات. بۆیە دەستەی ناوبژیوانان لەم کەیسە بەرپرسە. هەرچەندە پێشتر چەندینجار رووداوی لەمشێوەیە روویانداوە و هیچ رێکارێک نەگیراوەتەوەبەر. نامەوێت زۆر باسی ئەم بابەتە بکەم، چونکە ناکرێت لە دەرەنجامی دۆڕانی یارییەک، پەنا بۆ کاری لەمشێوەیە بدرێت.

ئه‌حمه‌د به‌رزنجی سه‌رپه‌رشتیاری یارییه‌كه‌ به‌ تۆڕی وه‌رزشی یاریگای راگه‌یاند، راپۆرتی خۆمان بۆ فیدڕاسۆنی تۆپی پێی كوردستان به‌رزكردۆته‌وه‌، وورده‌كارییه‌كه‌مان باس كردووه‌ بڕیاری كۆتایی له‌لای ئه‌وانه‌.

سیروان نه‌جمه‌دین سكرتێری فیدراسۆنی تۆپی پێی كوردستان به‌ تۆڕی وه‌رزشی یاریگای راگه‌یاند، سكاڵای یانه‌ی هه‌ولێر و راپۆرتی سه‌رپه‌رشتیار و ناوبژیوانانی یارییه‌كه‌مان به‌ ده‌ستگه‌یشتووه‌، ده‌درێت به‌ لێژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتوو بڕیاری لێده‌درێت.

له‌ گه‌ڕی 12ی خولی نایابی كورستان، یانه‌ی هه‌ولێر پێشوازی له‌ یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر كرد، پێشمەرگەی هەولێر بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام یارییەکەی بردەوە.

پێشمەرگەی هەولێر بە کۆکردنەوەی 20 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندی گشتیدا دێت و هەولێر بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ، لە دوا پلەی ریزبەندییە.

بابەتی زیاتر

Back to top button