عێراق

زاخۆ دوو خاڵی دیکەی لەدەستدا

Yariga App

یاریگا

زاخۆ لە یارییە دواخراوەکەی گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، میوانداری یانەی قاسمی کرد و لە کۆتاییدا یارییەکە بە ئەنجامی 1-1 یەکسانبوو.

زاخۆییەکان دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممەی رابردوو، شەش خاڵیان لە یەک رۆژدا بەبۆنەی بردنەوەیان لە کەرخ و هەروەها بردنەوەی سکاڵاکەیان بەرامبەر شوڕتە بەدەستهێنا، ئەمجارەیان لە یارییە دواخراوەکەی گەڕی شەشەمی خولەکە، میوانداری قاسمی کرد.

ئەو یارییە کە بڕیاربوو کۆتایی مانگی رابردوو بکرێت، بەڵام بەهۆی کێشەی کارەبا لە یاریگای زاخۆ، یارییەکە بۆ ئەمڕ دواخرا.

لەم یارییە یاریزانانی خاوەن یاریگا باشتر دەستیان بە یارییەکە کرد و لە خولەکی 10 موهەیمەن سەلیم توانی گۆڵی یەکەمی یارییەکە، لە بەرژەوەندی یانەکەی بکات، نیوەی یەکەمیش بەم تاکە گۆڵە لە بەرژەوەندی زاخۆ کۆتایی هات.

نیوەی دووەمی یارییەکە، بە پێچەوانەی نیوەی یەکەم ئەمجارەیان یاریزانانی قاسم دەست پێشخەریان کرد و لە خولەکی 58 عەلا موحسین توانی ئەنجامی یارییەکە بۆ یانەکەی یەکسان بکاتەوە.

لە بەردەوامی یارییەکە یاریزانانی زاخۆ هەوڵێکی زۆریاندا بۆ تۆمار کردنی گۆڵی دووەم و بردنەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و یارییەکە بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 1-1 کۆتایی هات.

بەم ئەنجامە زاخۆ لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بووە خاوەنی 18 خاڵ و بڕیاریشە یەکشەممەی داهاتوو، پێش وەستانی خولەکە بە بۆنەی بەڕێوەچوونی جامی نەتەوەکانی ئاسیا، لە یاریگای میوانداری کارەبا بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button