یاریگا –
رۆبێرت رێنان، کە بەم دواییە بانگهێشتی هەڵبژاردەی بەڕازیل کرا و لە یانەی زینیتی رووسیا یاری دەکات، بە یەکێک لە بژاردەکانی ریال بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری دادەنرێت.
ریال مەدرید بۆ دوو یاری داهاتووی لالیگا تەنها یەک بەرگریکاری ناوەندی پسپۆڕی هەیە و لە کۆتایی ساڵی 2023 رووبەڕووی قەیرانی پێکان و راگرتن لە دڵی هێڵی بەرگریدا بووەتەوە.
میلیتاو و ئالابا تووشی پێکان بوونە و پێدەچێت ناچۆ لە دوو یاری داهاتووی ریالدا بەهۆی سڕکردنەوە یاری نەکات. ئانتۆنیۆ رودیگەر تاکە بەرگریکاری ناوەڕاستە کە بۆ دەستپێکی ساڵی 2024 لەبەردەستی کارلۆ ئەنچیلۆتیدایە، بەجۆرێک پێویستی ریال بۆ کڕینی بەرگریکارێکی نوێ زیاتر هەست پێدەکرێت.
یانە مەدرییدیەکە نایەوێت پارەیەکی زۆر بۆ بەرگریکارێکی نوێ خەرج بکات و لە ئێستادا هەڵسەنگاندن بۆ بازار دەکات. لەمبارەیەوە ئەمڕۆ پێگەی ئاس ئاماژەی بە ناوی رۆبێرت رێنان، بەرگریکاری ناوەڕاستی بەڕازیلی تەمەن 20 ساڵ کە لە یانەی زینیت سان پترسبۆرگ یاری دەکات کردووە.
لە رووی دارایی و وەرزشیەوە ئەم یاریزانە هەموو تایبەتمەندییانەی تێدایە کە ریال مەدرید بەدوایدا دەگەڕێت. یاریزانێکی تۆپی پێی لاو و کە بانگهێشتی هەڵبژاردەش کراوە و دەتوانێت بە تێچووەکی کەم بیگوازێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش وەک یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکان دادەنرێت. رێنان ماوەیەکە لە لیستی جۆنی کالافات (بەڕێوەبەری گواستنەوەی ریال) دایە، بەڵام یاری کردنی لە خولی رووسیا گواستنەوەکەی کەمێک قوورستر دەکات.
ئەمەش رێک بەربەستی سەرەکییە لەبەردەم گواستنەوەیدا. رێنان لە رووسیا یاری دەکات و یوێفا رێگە بە کڕینی یاریزانان لەم خولە دوای شەڕی ئۆکرانیا نادات. لە راستیدا تاکە رێگا گواستنە بە شێوەی خواستنە.
هەروەها ئەمڕۆ باس لە رافایێل ڤاران کرا وەک بژاردەیەکی دیکە بۆ یانەی ریال بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری.