یاریگا –
وادەی کرانەوەی یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆی تایبەت بە یانەی ریال مەدرید، بۆ کۆتایی ئەم وەرزە دوادەخرێت.
رۆژنامەی زە ئاتڵێتیک بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید پێشبینی ناکات تا بەهاری داهاتوو، کارەکانی یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆی نوێ کۆتایی بێت، وادەی فەرمی کرانەوەی یاریگاکەش دەکەوێتە کۆتایی مانگی ئایار و سەرەتای مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو.
کارەکانی نۆژەنکردنەوەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە ساڵی 2019 دەستیپێکرد، پێشبینی دەکرا تا کۆتایی 2023 کۆتایی بە کارەکان بهێندرێت، یانەکە پلانی هەبوو لە سەرەتای 2024 و بە دیاریکراوی لە مانگی کانوونی دووەمدا ئاهەنگی کرانەوەی یاریگاکە رێکبخات، بەڵام ئەو پلانە دوادەخرێت.
پلانی دواخستنەکە کاریگەری لەسەر خشتەی یارییەکانی یانەکە نابێت، مێرێنگی بەشێوەیەکی ئاسایی یارییەکانی خۆی لە سانتیاگۆ دەکات، جیا لەوەش یاریگاکە کۆنسێرتێکی فراوای هونەرمەندانی ناودار تایلۆر سویفت و دوکی لەخۆ دەگرێت و میوانداری چەند بۆنەیەکی دیکەی وەرزشی گەورەش دەکات.
مەدریدی چاوەڕوانی ئەوەیە ئەو کارانەی پەیوەندی راستەوخۆیان بە یاریگاکە هەیە لە نێوان مانگی ئازار بۆ نیسان تەواو بکرێن، هەرچەندە دیاریکردنی وادەی کۆتایی هاتنی کارەکان ئاڵۆزە، چوونکە چەند پرۆژەیکی دیکەی پەیوەندیدار بە یاریگاکە لەو دوورووبەرەدا لەکاردان، لەنێویاندا وێستگەیەکی نوێی میترۆ و گەراجێکی نوێی وەستانی ئۆتۆمبێل بۆ یاریگاکە.
جیا لەوەش، هێشتا دانانی تابلۆی نوێی ڤیدیۆیی بە تەکنەلۆژیای 360 پلە تەواو نەکراوە، هەندێک لە دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی یاریگاکەش بە ناتەواوی ماونەتەوە. فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەکە لە کۆبوونەوەی ئەندامانی یانەکە لە 11 ئەم مانگەدا هۆکاری دواکەوتنی کارەکانی بۆ پەتای کۆڕۆنا و جەنگی ئۆکڕاینیا گەڕاندەوە.
بۆ تەواویکردنی کارەکانی سانتیاگۆ، لە مانگی نۆڤەمبەردا ئەندامانی یانەکە قەرزێکی نوێی 370 ملیۆن یۆرۆییان پەسەندکرد، بەمەش تێچووی پرۆژەکە بەرزبووەوە بۆ یەک ملیار و 400 ملیۆن یۆرۆ.
یانەکە پلانی وایە لە رێگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆی نوێ، بە میوانداریکردنی زۆرترین بۆنەی هونەری و وەرزشی و بۆنەی جیاوازی دیکە داهاتێکی زۆر کۆبکاتەوە.
تایلەر سویفت تەنیا دەستپێک بوو، ریال مەدرید لەمەودوا دەتوانێت ساڵانە دوو ئێمباپێ بگوازێتەوە