ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

بۆچی ژمارەی پێکانەکانی پرێمەرلیگ بەرزبووەتەوە؟ نیوکاسڵ و مانچێستەر یونایتد وەک قوربانی

نیوکاسڵ 11 یاریزانی پێککراوی هەیە و مەترسی کەوتووەتە سەر وەرزەکەی

Yariga App

یاریگا –

پێکان یەکێکە لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی هەر یانەیەک بۆ بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی ئاستی جێگیر.

لە پرێمەرلیگ ژمارەی پێکانی یاریزانان زۆر زیادیکردووە، لە دوا یاری نیوکاسڵ بەرامبەر بێرنلی، رووبەڕووبوونەوەی کیران تریپیێر و هاندەرێکی سەرشێتی نیوکاسڵمان بینی. هاندەرەکە گلەیی لە خراپی ئاستی ماگپایس دەکرد، تریپیێر لە وەڵامدا سێ جار پێی گوت ”دەزانی چەند پێکانمان؟”.

نیوکاسڵ یەکێکە لەو یانانەی زیاترین زیانیان پێگەیشتووە لەڕووی پێکانەوە، تاوەکو ئێستا 11 یاریزانی تووشی پێکان بوون، ئەمەش ریکۆردێکی نوێیە.

بە گوێرەی داتاکانی بێن دینێری، دامەزرێنەدی پێگەی (پریمیێر ئینجریزPremier Injuries) تەنیا سێ مانگ دوای دەستپێکردنی پرێمەرلیگ، 196 حاڵەتی پێکان تۆمارکراون، بەراورد بە چوار وەرزی رابردوو 15% زیادیکردووە.

ئامارەکان

نیوکاسڵ یونایتد لە دوای وەرزی 2002-2003 یەکەمجارە بەشداری چامپیۆنزلیگ دەکات، ئێستا 11 یاریزانی پێککراون و بەدرێژایی ئەم وەرزە 14 یاریزانی تووشی پێکان بوون. ئەمەش ژمارەیەکی بەرزە و نزیکە لە ژمارەکانی مانچێستەر یونایتد.

زۆری ژمارەی یارییەکان یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان، بەڵام ئەوەتا وێستهام لە پرێمەرلیگ و یۆرۆپالیگ یاری دەکات، بەڵام هیچ یاریزانێکی پێککراوی نییە، بەڵکو لەم وەرزەدا تەنیا پێنج یاریزانی تووشی پێکان بوون و ئێستا چاکبوونەتەوە.

پرێمەرلیگژمارەی پێکانەکانی ئەم وەرزە 2023-2024
ئارسیناڵ9
ئاستۆن ڤیلا10
بۆرنمس7
برێنتفۆرد11
برایتن10
بێرنلی9
چێڵسی12
کریستال پاڵاس13
ئێڤەرتن7
فولهام10
لیڤەرپوول9
لوتن تاون8
مانچێستەر سیتی 7
مانچێستەر یونایتد14
نیوکاسڵ یونایتد14
نۆتینگهام فۆرێست13
شێفیڵد یونایتد13
تۆتنهام9
وێستهام5
وۆڵڤز6
رێژەی پێکان بۆ هەر یانەیەک9.8
ئامارەکان لە سەرەتای وەرز تاوەکو 19ی نۆڤێمبەرە

هامسترینگ دیارترین پێکانە

کێڤن دی برۆین، ئەستێرەی مانچێستەر سیتی لەم وەرزەدا بەشداری لە نیو یاریدا کردووە و بە هۆی پێکان هامسترینگ (سێ ماسوولکەی پشتەوەی ران – ژێکانی رەفیسکە) دوورکەوتووەتەوە.

پێدرۆ نێتۆ، یاریسازی وۆڵڤز لە کۆتایی مانگی رابردوو و لە یاری بەرامبەر نیوکاسڵ یونایتد، تووشی پێکانی هامسترینگ بوو.

پریمیێر ئینجریزPremier Injuries داتای 20 ساڵی رابردووی کۆکردووەتەوە و پێکانی هامسترینگ 42% پێکانەکانی پێکهێناوە.

بەراورد بە وەرزی رابردوو، رێژەی پێکانی هامسترینگ 96% زیادبووە. لە سێ مانگی یەکەمی وەرزی رابردوو 26 حاڵەتی پێکانی هامسترینگ تۆمارکرابوون، کەچی لە سێ مانگی ئەم وەرزەدا ژمارەکە بۆ 53 بەرزبووەتەوە.

جۆری پێکانەکانی وەرزی 2023-2024ژمارە
هامسترینگ (سێ ماسوولکەی پشتەوەی ران – ژێکانی رەفیسکە)53
ران7
ئەژنۆ28
شان6
ماسوولکەی پووز / ئەکیلیز17
پشت4
قولەپێ (گوێزینگ) / پێ21
بنی ڕان / جومگەی ران16
سەر / دەم‌ و چاو4
دیاری نەکراو40
کۆی گشتی196
سەرچاوە: Premierinjuries

تێچووی پێکانەکان

بەگوێرەی داتاکانی سپۆڕتینگ ئینتلیجێنس کۆی زیانەکانی ئەم وەرزەی پێکانەکان دەگاتە 255 ملیۆن پاوەند، بەراورد بە وەرزی رابردوو 70.8 ملیۆن پاوەند زیادبووە.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا 946 پێکان لە پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا (پرێمەرلیگ، لالیگا، سێریا ئەی، بۆندسلیگا، لیگ وەن) تۆمار کراون، بەڵام بەراورد بە وەرزی رابردوو 25% کەمبووەتەوە.

لە وەرزی رابردوودا مانچێستەر سیتی 40 حاڵەتی پێکانی تۆمار کرد و زیانەکەی بە 11.9 ملیۆن پاوەند دەخەمڵێندرێت. هەریەکە لە مانچێستەر یونایتد و نۆتینگهام فۆرێست خاوەن زۆرترین ژمارەی پێکان بوون بە 69 حاڵەت. چێڵسی یانەیەکی دیکەی قوربانی دەستی پێکانەکان بوو، چونکە لە وەرزی رابردوودا 68 حاڵەتی پێکانی هەبوو و ئەمەش هۆکاربوو تاوەکو لە پلەی 12-ی ریزبەندی گشتیدا بێت. بە گوێرەی خەمڵاندنەکان بێت، چێڵسی زیانی نزیکەی 40.1 ملیۆن پاوەند بەرکەوتووە.

لە کۆی گشتی زیانی یانەکانی هەر پێنج خولە گەورەکەی ئەوروپا، لە وەرزی 2022-2023 485,2 ملیۆن پاوەندیان زیان پێگەیشتبوو، بەڵام لەم وەرزەدا زیانەکە بۆ 617.8 ملیۆن پاوەند زیادبووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button