هەواڵێکی رۆژنامەی ئاس رەتدەکرێتەوە
یاریگا
لە چەند رۆژی رابردوو رۆژنامەی وەرزشی ئاسی ئیسپانی بڵاویکردەوە، کارگێری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسا واز لە نوێکردنەوەی گرێبەستی کلیان ئێمباپێ هێرشبەری یانەکەی دێنێت.
دوای بڵاوبونەوەی ئەم راپۆرتەی رۆژنامەی ئاس، رادیۆی مۆنتی کارلۆی فەرەنسی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و ئەوانیش بڵاویان کردووەتەوە، هاوینی رابردوو بەرپرسانی یانە شازادەکە رازی بوون بەرامبەر ئەوەی ئێمباپێ واز لە پاداشتەکانی بێنێت کە نزیکەی 80 ملیۆن یۆرۆ بوو، رێگەی پێبدات بگەڕێتەوە و بەشداری راهێنانەکانی یانەکەی بکات.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید، بەردەوام لە هەوڵی رازیکردنی گۆڵکارەکەی سانجێرمانن، بەڵام بەرپرسانی ئەو یانەیە بە هیچ شێوەیەک ئامادەنین بە ئاسانی رێگە بە چوونی یاریزانەکەیان بدەن.
مۆنتی کارلۆ لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسانی پاریس سانجێرمان بەردەوام لەگەڵ ئێمباپێ و بەڕێوەبەری کارەکانی لە گفتوگۆدان و هەموو هەوڵێک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەدەن.
ئێمباپێ هاوینی ساڵی 2024 گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتایی دێت و تاوەکو ئێستاش ئامادەنەبوو گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، ئەو یاریزانە بۆی هەیە زستانی داهاتوو، گفتوگۆ لەگەڵ هەر یانەیەک بکات.