ئەندامێکی فەرمی ریال مەدرید هاتنی ئێمباپێی راگەیاند
یاریگا –
ئەندامێکی کارگێڕی یانەی ریال مەدرید رایگەیاند، کیلیان ئێمباپێ لە هاوینی داهاتوو پەیوەندی بە ریال مەدرید دەکات.
خۆزێ مانوێل ئۆتێرۆی ئەندامی کارگێری ریال مەدرید لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ، ئاشکرایکرد بە ئەگەرێکی زۆر کیلیان ئێمباپێ لە هاوینی داهاتوو پەیوەندی بە ریال مەدرید دەکات.
خۆزێ مانوێل ئاماژەی بەوە کردووە، ئێمباپێ نەیویست ئەم وەرزە پاریس سانجێرمان جێبهێڵیت بۆ ئەوە بتوانێت ئەو پاداشتە داراییانە وەربگرێت، کە لە بەرامبەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی وەری دەگرێت، لە پێناو پاداشتەکانی ئەم وەرزەیش لە سانجێرمان مایەوە.
ئەندامەکەی مێرێنگی دەشڵێت، زیدانی فەڕەنسی لە تەمەنی 29 ساڵی پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد، کیلیان ئێمباپێ لە تەمەنی 25 ساڵی ئەو خەونەی بەدی دەهێنێت.
💬 José Manuel Otero, miembro y vocal de la junta directiva del Real Madrid: “Esperamos que Mbappé haya pensado lo mismo que Bellingham. Confío que vendrá”https://t.co/l82cMmPksJ
— Mundo Deportivo (@mundodeportivo) October 10, 2023
ئۆتێرۆ لە درێژەی لێدوانەکانیدا گوتوییەتی، هیوادارم کیلیان هەمان ئەو هەنگاوە بنێت، کە جود بێڵینگهامی ئینگلیزی لەم هاوینە نای، پەیوەندی بە یانەی شاهانەوە کرد.
هەر بەپێی قسەکانی خۆزێ مانوێل، پەیوەندی نێوان فلۆرێنتینۆ پێرێز و کیلیان ئێمباپێ بەهیچ شێوەیەک تێکنەچووە، ریال مەدرید هەمیشە دەرگای خۆی بەکراوەیی بۆ ئێمباپێ هێشتووەتەوە.
ناوبراو ئەوەیشی درکراند، ریال مەدرید لەم هاوینە نەیویست بڕە پارەیەکی زۆر لە گواستنەوەی کیلیان خەرجبکات، چوونکە ئێمباپێ تەنیا ساڵێکی ماوە بۆ بەسەرچوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس، جەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە لەوکاتەدا رێگەی تێنەدەچوو.
هاوکات ئەستێرە فەڕەنسییەکە لە مانگی یەکی ئەمساڵ دەتوانێت بەبێبەرامبەر پەیوەندی بەهەر یانەیەک بکات کە خۆی دەیەوێت.