یاریگا –
سێریا ئەی رووبەڕووی کێشەیەکی میدیایی بووەتەوە و ئێستا هەڕەشەی پەخشکردنی یارییەکانی خولەکە بە خۆڕایی لە سنووری ئیتاڵیا دەکات.
کۆمەڵەی خولی پلە یەکی ئیتاڵیا روونیکردووەتەوە، ئامادەیە بۆ وەرزی داهاتوو، تەواوی یارییەکانی خولەکە بە خۆڕایی لە سنووری ئیتاڵیا پەخش بکات، ئەگەربێتو ئۆفەری گونجاوی بۆ کڕینی مافی گواستنەوەی یارییەکانی پێنەگات.
گواستنەوەی یارییەکان، سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی یانەکانی ئیتاڵیایە، بە تایبەت یانەکانی ناپۆلی، یوڤێنتوس، میلان و ئینتەر میلان.
کۆمەڵەی خولی پلە یەکی ئیتاڵیا، فرۆشتنی مافی گواستنەوەی یارییەکانی تاوەکو 15ی ئۆکتۆبەری داهاتوو دواخست، چونکە هیچ ئۆفەرێکیان پێنەگەیشتووە، بەهای ساڵانەی بگاتە یەک ملیار یۆرۆ، بۆ فرۆشتنی مافی گواستنەوەی تەواوی یارییەکانی سێریا ئەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ و یەکەم وەرزیش لە وەرزی 2024/2025 دەستپێدەکات.
لویجی دی سێرڤۆ، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمەڵەکە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە
دیدگایەکمان هەیە، یارییەکان بە خۆڕایی بۆ بینەرانی ئیتاڵیا بگوازینەوە، خەریکی هەڵسەنگاندنی ئەم بژاردەیەین. بەو ئۆفەرانە رازی نابین، چونکە بەهاکەیان زۆر کەمە.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، کۆمەڵەی خولی پلەیەکی ئیتاڵیا، چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ تۆڕەکانی دازن، سکای ئیتاڵیا و میدیا فۆر یوروپ کردووە، بەڵام هیچ کامیان ئۆفەری چاوەڕوانکراویان نەخستووەتەڕوو.
ئێستا کۆمەڵەکە بۆ هەر وەرزێک 930 ملیۆن یۆرۆی دەستدەکەوێت و تۆڕی دازن پشکی زۆری خەرجییەکانی بەردەکەوێت.