ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

گۆڵکارانی پرێمەرلیگ: هالاند و ئیساک گەرمیان کردووە و رێگای گەیشتن بە پێڵاوی زێڕین زۆری ماوە

ئەم بابەتە تاوەکو کۆتایی وەرزی 2023-2024 ئەپدەیت دەکرێتەوە....

Yariga App

یاریگا –

پرێمەرلیگی ئەم وەرزە ئاگرینە، بە تایبەت لەسەر ئاستی گۆڵ کردن، چونکە ژمارەیەکی زۆر ئەستێرەی لە هێڵی پێشەوەی تێدایە.

کێبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵاتی لاپچینی زێڕینی پرێمەرلیگ دەستیپێکردووە، ئەو خەڵاتەی ئێرلینگ هالاند لە وەرزی رابردوودا، رێگەی نەدا هیچ یاریزانێک لیێ نزیک ببێتەوە.

هاری کەین، رکابەری سەرەکی هالاند لە وەرزی رابردوودا، ئەم وەرزە لە بۆندسلیگایە، رووبەری فراوانی بۆ هالاند جێهێشتووە، بەڵام ئەستێرەی وەک محەمەد سەڵاح، کریستیان ئێنکونکو، کۆدی گاکپۆ، گابریێل خێسوس، بوکایۆ ساکا و چەندانی دیکە، دەتوانن رکابەری دێوەزمەکەی نەرویج بکەن.

بە درێژایی ئەم وەرزە، لەم بابەتەی تۆڕی وەرزشی یاریگا، ریزبەند و نوێترین ئەپدەیتەکانی گۆڵکاران دەزانیت.

براین ئێمبوێمۆ
براین ئێمبوێمۆ، هێرشبەری برێنتفۆرد
  1. براین ئێمبوێمۆ | برێندفۆرد | 3 گۆڵ

    ئێمبوێمۆ، یەکێکە لە بەهێزترین چەکەکانی هێڵی پێشەوەی برێنتفۆرد، لەوەتەی یانەکە گەیشتووەتە پرێمەرلیگ، ئێمبوێمپۆ ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە و لەگەڵ ئیڤان تۆنی، بە باشترین شێوەی سەرکردایەتی هێڵی هێرشبردنیان کردووە. لە وەرزی رابردوودا، ئێمبوێمۆ 9 گۆڵ و هەشت ئەسیستی هەبوو.

    براین ئێمبوێمۆ
    براین ئێمبوێمۆ، ئەستێرەی برایتن
  2. سۆلی مارچ | برایتن | 3 گۆڵ

    هەرچەندە مارچ بە گۆڵ کردن ناوبانگی دەرنەکردووە، بەڵام لەگەڵ رۆبێرتۆ دی زێربی، راهێنەری برایتن، مارچ بووەتە یاریزانێکی یەکلاکەرەوە لە هێرشەکانی برایتندا. لە وەرزی رابردووشدا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد، هەر ئەمەش وایکرد، یانە شین و سپی پۆشەکان، گرێبەستەکەی بۆ ماوەیەکی درێژ نوێ بکەنەوە.

    ئالێکساندەر ئیساک
    ئالێکساندەر ئیساک، هێرشبەری نیوکاسڵ
  3. ئالێکساندەر ئیساک | نیوکاسڵ یونایتد | 2 گۆڵ

    یاریزانی سویدی لە وەرزی رابردوودا بە هۆی پێکان نەیتوانی بەشداری لە زۆربەی یارییەکانی ماگپایس بکات، لە دوای مۆندیالی قەتەر، گەڕایەوە یاری کردن و لە 19 یاریدا، توانی یارمەتی نیوکاسڵ بدات، بگاتە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.
    ئیساک لە دوای گەڕانەوە، هەشت گۆڵی کرد و دوو گۆڵیشی دروستکرد. پێشبینی دەکرێت، لەم وەرزەدا ناوی لە نێو گەورەکاندا هەبێت.

    ئێرلینگ هالاند
    ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی مانچێستەر سیتی
  4. ئێرلینگ هالاند | مانچێستەر سیتی | 2 گۆڵ

    هالاند، ئەرکی تەواوی هێرشبەرانی پرێمەرلیگی قورس کردووە و ئەم وەرزەش بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی پێڵاوی زێڕین دەجەنگێت.

    یاریزانی نەرویجی لە وەرزی رابردوودا، 36 گۆڵی لە 35 یاریدا کرد. ڤایکینگە نەرویجییەکە چوار جار هاتریکی کرد و وەرزێکی سەرسووڕهێنەری بەڕێکرد، تایبەت دوای بەدەستهێنانی سێ نازناو.

    تایۆ ئاوۆنی
    تایۆ ئاوۆنی، هێرشبەری نۆتینگهام فۆرێست
  5. تایۆ ئاوۆنی | نۆتینگهام فۆرێست | 2 گۆڵ

    نۆتینگهام لە هاوینی رابردوودا، تایۆی بە بڕی 17.5 ملیۆن پاوەند لە یونیەن بەرلین گواستەوە، پێشتر یاری بۆ لیڤەرپوول کردووە و ئێستاش یەکێکە لە کلیلە سەرەکییەکانی نۆتینگهام و توانی بە تۆمار کردنی 10 گۆڵ لە کۆی 27 یاریدا، یارمەتی فۆرێست بدات، لە پرێمەرلیگ بمێنێتەوە.

    لویز دیاز
    لویز دیاز، ئەستێرەی لیڤەرپوول
  6. لویز دیاز | لیڤەرپوول | 2 گۆڵ

    ئەستێرە کۆڵۆمبییەکە بە هۆی پێکانەوە، نەیتوانی ئاستی راستەقینەی خۆی پێشکەش بکات. دیاز لە وەرزی رابردوودا بەشداری تەنیا لە 17 یاریدا کرد. چوار گۆڵ و دوو ئەسیستی هەبوو. هەرچەندە لەم وەرزەدا بە تەواوی خۆی ئامادە کردووە و پێشبینی دەکرێت، کاریگەری تەواوی لەسەر ئاستی لیڤەرپوولدا هەبێت.

    یۆوان ویسا
    یۆوان ویسا، هێرشبەری برێنتفۆرد
  7. یۆوان ویسا | برێنتفۆرد | 2 گۆڵ

    ئامادە نەبوونی ئیڤان تۆنی لە یاری کردن، بە هۆی سڕکردنی لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلیزییەوە، وایکردووە ئەستێرەی دیکە لە هێڵی پێشەوە زەردەواڵەکان بدرەوشێنەوە. ویسا یەکێکە لەو یاریزانانەی هەوڵی قۆستنەوەی دەرفەتەکە دەدەن.

    هەرچەندە بەشدارییەکانی لە پێکهاتەی سەرەکیدا سنووردارن، بەڵام لە وەرزی رابردوودا توانی حەوت گۆڵ بکات.

    محەمەد سەڵاح
    محەمەد سەڵاح، ئەستێرەی لیڤەرپوول
  8. محەمەد سەڵاح | لیڤەرپوول | 1 گۆڵ

    هەرچەندە لە وەرزی رابردوودا، لیڤەرپوول بە گشتی ئاستی جێگیر نەبوو، بەڵام سەڵاح توانی 19 گۆڵ بکات و پارێزگاری لە ژمارەی گۆڵەکانی چەند وەرزی رابردووی بکات.

    سەڵاح یەکێکە لە رکابەرە بەردەوامەکانی سەر بەدەستهێنانی خەڵاتی پێڵاوی زێڕینی پرێمەرلیگ.

    کالوم ویڵسن
    کالوم ویڵسن، ئەستێرەی نیوکاسڵ یونایتد
  9. کالوم ویڵسن | نیوکاسڵ یونایتد | 1 گۆڵ

    لە تەمەنی 31 ساڵیدا، زۆربەی گۆڵکاران ئاستی جارانیان نامێنێت، بەڵام ویڵسن پێچەوانەی ئەم هاوکێشەیە، تەمەن تەنیا ژمارەیە لای ئەو. لە وەرزی رابردوودا ئاستێکی نموونەیی پێشکەش کرد و 18 گۆڵی کرد و پێدەچێت لەم وەرزەش، ناوێکی قورسی نێو کێبڕکێکان بێت.

    بوکایۆ ساکا
    بوکایۆ ساکا، ئەستێرەی ئارسیناڵ
  10. بوکایۆ ساکا | ئارسیناڵ | 1 گۆڵ

    ساکا یەکێک بوو لە یاریزانە هەرە کاریگەرەکانی وەرزی رابردووی گەنەرز و ئێستا یەکێکە لە باشترین یاریزانانی لاو لەسەر ئاستی جیهان. لە وەرزی رابردوودا 14 گۆڵی بۆ تیمەکەی میکێل ئارتێتا کرد و ئەم وەرزە داوای زیاتری لێ دەکرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button