بە فەرمی هاری کەین پەیوەندی بە بایرن میونشن کرد
یاریگا –
بەشێوەیەکی فەرمی هاری کەین پەیوەندی بە یانەی بایرن میونشن کرد.
کەمیک پێش ئێستا پێگەی فەرمی بایرن میونشن بڵاویکردەوە، بەشێوەیەکی فەرمی هێرشبەری پێشووی یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی هاری کەین، پەیوەندی بە یانەکەیان کردووە و یاریزانێکی نوێی میونشنە.
گرێبەستی هاری کەیەن لەگەڵ یانە باڤارییەکە بۆ ماوەی سێ وەرز دەبێت، شازادە هاری تا هاوینی ساڵی 2027 درێسی ژمارە نۆی یانە نوێیەکەی دەپۆشێت.
✨♦️ 𝐇𝐊𝟗 ♦️✨ #ServusHarry pic.twitter.com/W0CTKlzRs1
— FC Bayern Munich (@FCBayernEN) August 12, 2023
هاوکات ئەستێرە ئینگلیزییەکە پەیامێکی ماڵئاوایی بۆ تۆتنهام بڵاویکردەوە و تیایدا دەڵێت:
سڵاو لە هەمووتان، دەمەوێت یەکەم کەس بم بە هاندەرانی تۆتنهام بڵێم ئەمڕۆ یانەکە جێدەهێڵم ئەوەی روونە، چەندین هەستی جیاوازم هەیە نیگەرانم بە جێهێشتنی یانەکە لە تەمەنی 11 ساڵییەوە، 20 ساڵی ژیانم لەم یانەیە بەڕێکرد.
کوڕێک بووم ا ئێستا پیاوێکی 30 ساڵەم، چەندین یادەوەری گەورە و تایبەتم هەیە، ئەو یادەوەرییانە تاهەتایە لە شانازییان پێوە دەکەم، سوپاسی هەمووتان دەکەم، یاریزانان و راهێنەرەکانم، سوپاسی تەواوی ستاف و ئەندامانی یانەکە دەکەم، ەو کەسەی درێسەکانی ئامادە دەکرد، تاوەکو شێفەکانی یانەکە.
پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ خەڵک دروستکرد، لە هەمووی گرنگتر پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ هاندەرانی تۆتنهام دروستکرد، لەو ساتەوەی دەستم بە یاری کرد، بەشێک بووم لە ئێوە، هەموو کارێکم کرد تاوەکو شانازی بکەن، هەوڵمدا جوانترین یادەوەریتان بۆ دروست بکەم کە هیوادارم تاهەتایە بمێننەوە
هەستم کرد، کاتی جێهێشتنی یانەکەیە، نەمویست بچمە نێو وەرزێکەوە کە قسەی زۆر لەسەر داهاتوو بکرێت، چونکە پێم وایە ئەمە زۆر گرنگە بۆ راهێنەری نوێ و یاریزانان، بتوانن تۆتنهام بگەڕێننەوە کێبڕکێکانی بەدەستهێنانی نازناوەکان، هیوای باشترین بەخت بۆ ئانج و تەواوی یاریزانان دەخوازم.
وەک هاندەرێک دەمێنمەوە و سەیرتان دەکەم، هیوادارم تیمەکە سەرکەوتوو بێت، ئەمە پەیامێکە بۆ تەواوی هاندەرانی و ئەوانەی بەردەوام پاڵپشتی منیان کردووە، من و خێزانەکەم بەردەوام شانازی بەمە دەکەین هەرگیز ئەو یادەوەرییانە لەیاد ناکەین کە بەیەکەوە گوزەرمان تێیدا کردووە، سوپاستان دەکەم، ئەم وەرزە سەیرتان دەکەم هیوای بەختێکی باش بۆ تۆتنهام و تەواوی یانەکە دەخوازم.
ماڵئاواییتان لێ ناکەم، چونکە هەرگیز نازانیت لە داهاتوودا چی روودەدات، دەتانبینمەوە…