راپۆرتی تایبەتگرنگترینمۆندیالمۆندیالی 2026

راپۆرتی تایبەت؛ لە 1978ـەوە تاوەکوو ئەمڕۆ، مێژووی لایەنگرییەکان و گومانەکانی مۆندیال بۆ ئەرجەنتین

فیفا مۆندیال بۆ ئەرجەنتین دادەڕێژێت؟

Yariga App

یاریگا –

بانگەشەکانی ئەوەی کە مۆندیال لە بەرژەوەندی ئەرجەنتینەکەی لیۆنێل مێسی رێکخراوە یان پێشوەختە یەکلایی کراوەتەوە، دوای بردنەوە پڕ مشتومڕەکەیان لە قۆناخی 16 بەرامبەر میسڕ گەیشتووەتە لووتکە.

بڕیاری رەتنەکردنەوەی گۆڵی بردنەوەی ئێنزۆ فێرناندێز و رەتکردنەوەی گۆڵێکی مستەفا زیکۆ، وایکرد میسڕییەکان بەئاشکرا تۆمەتی نادادپەروەری بخەنە پاڵ پاڵەوانێتییەکە، هەرچەندە هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەمە نییە، بەڵام ئەمە نەبووەتە رێگر لەبەردەم بڵاوبوونەوەی خێرای بیردۆزەکانی پیلانگێڕی، بەتایبەت کە پاڵەوانێتییەکە پێشتریش کەوتبووە قەیرانی دەستپاکیەوە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە سزایەکی هێرشبەری ئەمریکا، فۆلارین بالۆگەن ـی هەڵوەشاندووەتەوە.

رۆژنامەی تێلێگراف لە راپۆرتێکدا تیشک دەخاتە سەر بەشێک لەو گومان و رووداوانەی کە وایانکردووە زۆرێک پێیان وابێت ناوی ئەرجەنتین پێشوەختە لەسەر جامەکە نەخشێندراوە.

مێسی لە کارتی سوور رزگاری دەبێت
لە یاریی یەکەمی ئەرجەنتین بەرامبەر جەزائیر، مێسی هاتریکی کرد و ژمارەی پێوانەیی گۆڵەکانی مۆندیالی یەکسان کردەوە، بەڵام زۆرێک پێیان وابوو نەدەبوو لە یاریگادا بمێنێتەوە دوای ئەوەی لە خولەکی 32 بەتوندی پێی نا بە پشتی قاچی راستی عیسا ماندی.

شیمۆن مارچینیاک، ناوبژیوانی پۆڵەندی فاوڵی هەژمار نەکرد و ڤاریش دەستتێوەردانی نەکرد. شیکەرەوانی وەرزشی وەکوو نێدوم ئۆنۆها و ئالیخاندرۆ مۆرینۆ لەسەر ئەوەی کە ئەو حاڵەتە لەسەدا سەد کارتی سوور بوو کۆک بوون، ئەمە کاتێک زیاتر قسەی هەڵگرت کە بالۆگەنی ئەمریکی بۆ حاڵەتێکی هاوشێوە کارتی سووری راستەوخۆی پێدرا.

دووەم کەمترین کارتی زەرد سەرباری زۆریی فاوڵەکان!
ئەرجەنتین بەرامبەر جەزائیر هیچ کارتێکی وەرنەگرت سەرباری ئەوەی 13 فاوڵیان کرد، هەروەها بەرامبەر ئوردنیش سەرەڕای کردنی نزیکەی دوو هێندەی فاوڵەکانی رکابەرەکەیان [13-7]، هیچ کارتێکیان پێ نەدرا لە کاتێکدا ئوردن 3 کارتی زەردی وەرگرت.

لە یارییەکەی میسڕیش تاوەکوو کاتی گۆڵەکەی فێرناندێز هیچ کارتێکیان نەبوو، لە نێوان هەر 8 تیپەکەی قۆناخی چارەکی کۆتایی، ئەرجەنتین دووەم کەمترین کارتی هەیە [تەنیا 3 کارت] هەرچەندە چوارەم زۆرترین تیپن کە فاوڵیان کردبێت [تێکڕای 19.7 فاوڵ بۆ هەر کارتێک].

ئینفانتینۆ: “لەگەڵ ئەرجەنتیندا ئازارم چەشت”
تۆمەتەکانی لایەنگری زیاتر بوون کاتێک جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفا، دوای یارییە سەختەکەی ئەرجەنتین بەرامبەر کەیپ ڤێرد، قسەی بۆ تەلەڤیزیۆنی ئەرجەنتینی کرد و گوتی لە کاتی یارییەکەدا لەگەڵیاندا ئازاری چەشتووە، پێش ئەوەی خێرا هەوڵی راستکردنەوەی قسەکەی بدات و بڵێت مەبەستم لە ئێمەی بێلایەنە کە هاندەری هەردوو تیمەکە بووین.

دەستەیەکی ناوبژیوانیی تەواو ئەرجەنتینی بۆ یارییەکەی فەرەنسا!
دەستنیشانکردنی ناوبژیوانان هەمیشە جێگەی مشتومڕە، بەڵام بڕیارەکەی فیفا بۆ دانانی 5 ناوبژیوانی ئەرجەنتینی بۆ بەڕێوەبردنی یاریی قۆناخی چارەکی کۆتایی نێوان فەرەنسا و مەغریب، شۆککەر بوو. فەرەنسا بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئەرجەنتین دادەنرێت بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوەکەی، ئەمەش وایکرد پۆستەکەی فیفا لەسەر تۆڕی X زیاتر لە 32 ملیۆن بینەری هەبێت و گومانێکی گەورە دروست بکات.

تیروپشکی ناهاوسەنگ
پێش دەستپێکی مۆندیالیش، ئەرجەنتین یەکێک بوو لەو چوار وڵاتەی کە وەکوو سەرووی کۆمەڵەکان دانران [لەگەڵ ئیسپانیا، فەرەنسا و ئینگلتەرا] بۆ ئەوەی تاوەکوو پێش کۆتایی رووبەڕووی یەکتر نەبنەوە، ئەمەش وایکرد ئەرجەنتین بکەوێتە کۆمەڵەیەکی زۆر ئاسانەوە و لە قۆناخی 32ـیشدا رووبەڕووی یەکێک لە ئوروگوای، سعوودیە یان کەیپ ڤێرد ببێتەوە.


تۆمەتەکانی رابردوو و مێژووی لایەنگرییەکان
ئەمە یەکەمجار نییە گومان دەخرێتە سەر سەرکەوتنەکانی ئەرجەنتین.

مۆندیالی 2022
 دوای ئەو مۆندیالە، لویس ڤان گال، راهێنەری هۆڵەندا سەبارەت بە یارییەکەیان بەرامبەر ئەرجەنتین رایگەیاند؛

هەموو شتێک پێشوەختە داڕێژراو بوو، پێم وایە مێسی دەبوو ببێتە پاڵەوان.

مۆندیالی 1978
 لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریی خۆرخی ڤیدێلا، ئەرجەنتین بەرامبەر پیرۆ بە جیاوازی 4 گۆڵ پێویستی بە بردنەوە بوو و یارییەکەیان 6-0 بردەوە، دواتر لە ساڵی 2012 سیناتۆرێکی پیرۆ ئاشکرای کرد کە رێککەوتنێکی سیاسی لە نێوان سەرۆکەکانی هەردوو وڵات کرابوو بۆ ئەوەی ئەرجەنتین مۆندیالەکە بباتەوە و وێنەی خراپی وڵاتەکەی لە جیهاندا پاک بکاتەوە.

مۆندیالی 1990
 لە یاریی بەرامبەر بەرازیل، برانکۆی یاریزانی بەرازیل بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئاوێکی خواردووەتەوە کە لەلایەن پزیشکی ئەرجەنتینەوە پێی دراوە و تووشی گێژبوونی کردووە، پێش ئەوەی ئەرجەنتین گۆڵی بردنەوە بکات.

دوای 15 ساڵ کارلۆس بیلاردۆی راهێنەری ئەوکاتی ئەرجەنتین سەبارەت بەم رووداوە گوتی “ناڵێم ئەوە رووینەداوە’، هەرچەندە بەرازیل هەڕەشەی ناردنی دۆسیەکەی بۆ فیفا کرد، بەڵام هیچ رێکارێک نەگیرایەبەر.

بابەتی زیاتر

Back to top button