کۆلینا وەڵامی توندی میسر دەداتەوە؛ هیچ کەسێک ناتوانێت کاریگەریی لەسەر ناوبژیوانانی فیفا هەبێت
"فاوڵ هەر فاوڵە، کات و دووری گرنگ نییە"

یاریگا –
سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی فیفا، پێیرلویجی کۆلینا، بەتوندی بەرپەرچی ئەو تۆمەتانەی دایەوە کە دەڵێن ناوبژیوانانی مۆندیال لەژێر کاریگەری هۆکارە دەرەکییەکاندا بڕیار دەدەن یان لایەنگری و دۆستایەتی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەکەن.
ئەم لێدوانە فەرمییەی کۆلینا دوای ئەوە هات کە حوسام حەسەن، راهێنەری هەڵبژاردەی میسڕ، بەتوندی رەخنەی لە فرانسیۆس لێتێکسەر، ناوبژیوانی فەرەنسی گرت و ریگەیاند کە تیپەکەی لە کاتی دۆڕانەکەی رۆژی سێشەممە بەرامبەر ئەرجەنتین لە قۆناخی 16، رووبەڕووی نادادپەروەری و ستەم بووەتەوە، هەروەها یاریزانان و ستافی میسر بەئاشکرا ناوبژیوانی یارییەکەیان بەوە تۆمەتبار کردبوو کە لایەنگری ئەرجەنتینی کردووە.
⚽️ Pierluigi Collina, FIFA Chief Refereeing Officer: “Nobody can claim that FIFA Refereeing can be influenced by anyone.”
🗣️ “Match officials make honest decisions and, just like players and coaches, they always try to do their best.”
➡️ https://t.co/AG6Db8pibm pic.twitter.com/Gw943lCDPZ
— FIFA Media (@fifamedia) July 9, 2026
پەیامی تووندی کۆلینا؛ پاراستنی دەستپاکی ناوبژیوانان
کۆلینا، کە خۆی ناوبژیوانی پێشووی یاری کۆتایی مۆندیال بووە و لە ساڵی 2017ـەوە پەیوەندی بە فیفاوە کردووە، بەتوندی تۆمەتی لایەنگری بۆ ئەرجەنتین یان هەر تیپێکی دیکە رەتکردەوە.
کۆلینا لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمی فیفاوە رایگەیاند؛
هیچ کەسێک ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە ناوبژیوانیی فیفا لەژێر کاریگەری کەسدایە، تەنانەت سەرۆکی فیفاش ناتوانێت کاریگەرییان لەسەر دابنێت.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئینفانتینۆ هەمیشە پاڵپشتی تەواوی بۆ ناوبژیوانان پێشانداوە و متمانەی پێکردوون کە بە سەربەخۆیی تەواوەوە کار بکەن.
کۆلینا گوتی؛
ناوبژیوانان بەوپەڕی دەستپاکییەوە بڕیار دەدەن و هاوشێوەی یاریزانان و راهێنەران هەمیشە هەوڵدەدەن باشترینی خۆیان پێشکەش بکەن.
سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانان هۆشدارییەکی تووندیشی دا و رایگەیاند؛
گفتوگۆی بونیادنەرانە لەسەر بڕیارەکان هەمیشە بەشێک دەبێت لە تۆپی پێ، بەڵام تۆمەتی بێبنەما جێگەی لە وەرزشی ئێمەدا نابێتەوە، کاتێک گومان دەخرێتە سەر دەستپاکی ناوبژیوانانی مۆندیال، ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی کاردانەوە و هەڕەشە بۆ سەر خۆیان و خێزانەکانیان، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک دروست نییە.
مشتومڕی گۆڵەکەی میسڕ و روونکردنەوەی تەکنییی ڤار
حوسام حەسەن، راهێنەری میسڕ، زۆر تووڕە بوو چونکە پێی وابوو کاتێک تیپەکەی 1-0 لەپێش بووە بە ناهەق گۆڵی دووەمیان لە رێگەی ڤارەوە رەتکراوەتەوە، هەروەها پێی وابوو دەبوو لە کاتی زیادکراودا لێدانێکی سزایان بۆ هەژمار بکرێت پێش ئەوەی ئێنزۆ فێرناندێز گۆڵی سێیەم و بردنەوەی ئەرجەنتین بکات.
حەسەن گوتبووی؛
پێدەچێت پەستان لەلایەن ئەرجەنتینەوە لەسەر ناوبژیوان هەبووبێت کە ئەم ئەنجامەی لێ کەوتووەتەوە.
مستەفا زیکۆ، یاریزانی میسڕ، پێی وابوو کە گۆڵی دووەمی تیپەکەی کردووە، بەڵام ڤار دەستتێوەردانی کرد و گۆڵەکەی رەتکردەوە بەهۆی ئەوەی مەڕوان عەتیە لە سەرەتای هێرشەکەدا فاوڵی لە دژی لیساندرۆ مارتینێز کردبوو.
سەبارەت بەم حاڵەتە تەکنیییە، کۆلینا روونکردنەوەیەکی دا و بەرگری لە بڕیارەکە کرد؛
ئەگەر فاوڵێک لە کاتی دروستبوونی هێرشەکەدا دەستنیشان بکرێت و بسەلمێنرێت کە کاریگەری لەسەر گۆڵەکە هەبووە، ڤار پێشنیاری پێداچوونەوە لە نێو یاریگادا دەکات، هیچ سنوورێکی دیاریکراو نییە بۆ دووری لە گۆڵەکەوە یان بڕی ئەو کاتەی لە نێوان رووداوەکە و تۆمارکردنی گۆڵەکەدا تێپەڕیوە، لای ئێمە فاوڵ هەر فاوڵە، بەدەر لەوەی فاوڵەکە روون و ئاشکرا دیارە یان نا، ئەگەر ناوبژیوان لە یاریگادا نەیبینیبێت، ڤار دەتوانێت دەستتێوەردان بکات.



