ریکۆردەکانی مۆندیال؛ خێراییی لووتکەی ئێمباپێ بەسە بۆ وەرگرتنی پسووڵەی سەرپێچیی خێرایی
3000 گۆڵ لە مێژووی مۆندیال کراوە

یاریگا –
تاوەکوو قۆناخی 8ـی مۆندیال، پاڵەوانییەتییەکە ژمارەی پێوانەیی نوێی تۆمارکردووە. یاریگاکان تاوەکوو رادەیەکی زۆر پڕ بوون، بە رێژەی 99.7%ـی ئامادەبووان و زیاتر لە 6.25 ملیۆن هاندەر کە ئامادەی یارییەکان بوون. فیفا هاوکات راپۆرتی 20 ملیار بینەری ڤیدیۆی لە سەرانسەری پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانیدا داوە.
لە رووی ئاستی یاریزانانەوە، یوری تیلیمانس (بەلجیکا) زۆرترین مەودای لە پاڵەوانییەتییەکەدا بڕیوە بە 61.8 کیلۆمەتر. کیلیان ئێمباپێ (فەڕەنسا) خێراترین راکردنی کتوپڕی بە خێرایی 37.6 کیلۆمەتر لە کاتژمیرێکدا تۆمارکرد، کە خێراترینی مۆندیالە. بەگوێرەی فیفا، ئەو خێرایییە بەرزترە لە سنووری خێراییی یاسایی بۆ ئۆتۆمبێلەکان لە هەندێک ناوچەدا. پاپێ گویێ (سێنیگال) خێراترین لێدانی نێو گۆڵی بە خێرایی 131.9 کیلۆمەتر لە کاتژمیرێکدا تۆمارکرد.

هەندێک لە سەرنجڕاکشترین ئامارەکانی مۆندیال تاوەکوو ئێستا:
لەو هەشت تیمەی لە پاڵەوانییەتییەکەدا ماونەتەوە، ئەرجەنتین، ئینگلتەرا، فەڕەنسا و ئیسپانیا پێشتر جامی جیهانییان بردووەتەوە. مەغریب بوو بە یەکەم نەتەوەی ئەفریقی کە دووجار بگاتە قۆناخی چارەکی کۆتایی، دوای ئەوەی لە ساڵی 2022ـشدا هەمان شتی کردبوو. نەرویج بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا گەیشتە قۆناخی چوارەکی کۆتایی، لە کاتێکدا سویسرا لە ساڵی 1954ـەوە بۆ یەکەمجارە دەگاتە ئەم قۆناخە.
کۆی گشتی 280 گۆڵ لە 96 یارییدا تۆمارکراون، کە دەکاتە تێکڕای 2.92 گۆڵ لە هەر یارییەکدا. ئەرجەنتین بە 14 گۆڵ پێشەنگی تەواوی تیمەکانە. قۆناخی 16 بووە هۆی 23 گۆڵ لە هەشت یارییدا، کە تێکڕای 2.88 گۆڵە بۆ هەر یارییەک. ئێستا لیۆنێل مێسی (ئەرجەنتین) گۆڵکاری مێژوویی مۆندیالە بە 21 گۆڵ و لە دوای ئەویش کیلیان ئێمباپێ (فەڕەنسا) دێت بە 19 گۆڵ. گۆڵی سەرکەوتنی ئێنزۆ فێرناندێز بەرامبەر میسڕ، 3000ـەمین گۆڵ بوو لە مێژووی مۆندیالدا.
تاوەکوو ئێستا، ناوبژیوانان 259 کارتی زەرد (تێکڕای 2.70 بۆ هەر یارییەک) و 14 کارتی سوور (تێکڕای 0.15 بۆ هەر یارییەک)ـیان بەرزکردووەتەوە.
مێسی 8 گۆڵی کردووە، لە کاتێکدا کیلیان ئێمباپێ و هاڵاند هەر دانەیەک و 7 گۆڵیان کردووە. ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی مۆندیالدا کە سێ یاریزان 7 گۆڵ یان زیاتر لە هەمان پاڵەوانییەتییدا بکەن. کیلیان ئێمباپێ هاوکات ژمارەی پێوانەیی خۆی بۆ 11 گۆڵ لە یارییەکانی قۆناخی کرانەدەرەوەی مۆندیالدا درێژکردەوە، کە زیاترە لە هەر یاریزانێکی دیکە.
یوری تیلیمانس زۆرترین مەودای بە گشتی بڕیوە (61.8 کم)، لە کاتێکدا تیمۆسی کاستانیا (بەلجیکا) زۆرترین راکردنی لە یەک یارییدا ئەنجامداوە (16.29 کم). راکردنە کتوپڕەکەی کیلیان ئێمباپێ بە خێرایی 37.6 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا وەکوو خێراترین خێرایی تۆمارکراو لە پاڵەوانییەتییەکەدا دەمێنێتەوە.
ئەرجەنتین پێشەنگی ئاماری پاسدانی گرتووە بە 3446 پاس، کە 3146 پاسیان سەرکەوتوو بوون. تیمەکان 3282 تۆپی سەرکەوتوویان ناردووەتە نێو ناوچەی سزاوە، کە کەنەدا بە 158 تۆپ پێشەنگە.
کۆی گشتی 1248 یاریزان لە 48 وڵاتی جیاوازەوە بەشێک بوون لەم پاڵەوانییەتییە، کە 1029ـیان لانی کەم لە یەک یارییدا بەشدارییان کردووە. 916 بەشداریی یاریزانی یەدەک هەبووە، کە تێکڕا دەکاتە 4.77 گۆڕانکاری لە هەر یارییەکدا.
دوای قۆناخی 16، کۆی گشتی ئامادەبووان گەیشتە 6259584 بینەر، کە گوزارشت لە 99.7%ـی توانای لەخۆگرتنی یاریگاکان دەکات و تێکڕای هاندەران 65204 کەس بووە بۆ هەر یارییەک. یاریگای مەکسیکۆ سیتی بەرزترین رێژەی ئامادەبوونی لە پاڵەوانییەتییەکەدا تۆمارکرد، کە میوانداریی 80824 هاندەری کرد لە هەر یەکێک لە 5 یارییەکەیدا، بە کۆی گشتی 404120 بینەر.



