ڤار ئەرجەنتین رزگار دەکات؛ ناوبژیوانێکی پێشوو رەخنە لە بڕیارەکەی فرانسیۆس لێتێکسەر دەگرێت
"لە دۆخی ئاساییدا هەرگیز پێداچوونەوە بۆ حاڵەتی وا ناکرێت"

یاریگا –
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە یارییەکەی بەرامبەر میسڕ بووە قوربانیی قۆستنەوەی نموونەیی هەلەکان لەلایەن تیمە ئەفریقییەکەوە، کە پلانەکەیان بە شێوەیەکی بێخەوش جێبەجێ کرد.
ئەو تیمەی کە حوسام حەسەن راهێنەرایەتی دەکات، تەنیا سێ لێدانی راستەوخۆیان بۆ گۆڵ هەبوو و وادیاربوو هەر سێکیان کردووە بە گۆڵ، بەڵام یەکێکیان لە رێگەی پێداچوونەوەی ڤارەوە لەلایەن ناوبژیوانی فەرەنسی، فرانسیۆس لێتێکسەر، رەتکرایەوە.
ساتە چارەنووسسازەکە و رەتکردنەوەی گۆڵەکە
لە خولەکی 58ـی یارییەکەدا، لیساندرۆ مارتینێز بۆ وەرگرتنی تۆپێک هێڵەکانی بڕی ، بەڵام لە نزیک گۆشەی سێیەمی هێرشبردن گیری خوارد، دوای ئەوەی لەلایەن دوو یاریزانی رکابەرەوە لێیدرا، بەرگریکارە ئەرجەنتینییەکە تۆپەکەی لەدەستدا و لە هێرشێکی هەڵگەڕاوەی نموونەییدا، زیکۆ دوای پاسێکی نایابی محەمەد سەڵاح تۆپەکەی خستە تۆڕی گۆڵەوە.
دەستبەجێ تەواوی یەدەکەکانی ئەرجەنتین نارەزایەتییان دەربڕی و سکاڵایان کرد، ئاهەنگگێڕانەکانی میسڕیش بەخێرایی گۆڕا بۆ دڵەڕاوکێ دوای ئەوەی ژووری ڤار ئاگاداری ناوبژیوانە فەرەنسییەکەی کردەوە.
دوای سەیرکردنی شاشەی تەنیشت یاریگاکە و تێپەڕبوونی چەند چرکەیەکی پڕ لە گرژی، ناوبژیوانە فەرەنسییەکە گۆڵەکەی رەتکردەوە، هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە مەڕوان عەتیە لە سەرەتای دروستبوونی هێرشەکەدا پێی نابووە سەر قاچی مارتینێز، ئەو رووداوە زیاتر لە 80 مەتر لەو گۆڵەوە دوور بوو کە هێرشەکەی تێدا کۆتاییهات.

رەخنەی شارەزایانی ناوبژیوانی
دوای رەتکردنەوەی گۆڵەکەی میسر و نیشاندانی چەندین دووبارەکردنەوە لە هەموو گۆشەکانەوە، ئێدواردۆ ئیتورالدێ، ناوبژیوانی پێشووی ئیسپانی بە رۆژنامەی ئاس ـی راگەیاند؛
لە قۆناخی کرانەدەرەوە، ئێمە دەستتێوەردانێکی زۆر و بێزارکەری ڤار دەبینین، حەزمان لێی بێت یان نا، دەبێت رایبێین. ئەوە پێنانێکی زۆر کەم بوو بە قاچدا کە بەپێی ئەو شێوازەی بە گشتی ڤاری پێ لێکدەدرێتەوە، لە دۆخی ئاساییدا هەرگیز پێداچوونەوەی بۆ نەدەکرا و لە بری ئەوە بڕیارەکە دەهێڵرایەوە بۆ خودی ناوبژیوان لە یاریگادا.
ئەو ناوبژیوانە پێشووە لە کۆتاییدا هۆشداری دا و گوتی؛
کێشە گەورەکە ئەوەیە کە یاساکانی یارییەکە هەمیشە گشتگیر بوون و لە هەموو جیهاندا یەکن، بەڵام لەو کاتەوەی ڤار هاتووە، بەبێ پێوەرێکی جێگیر و یەکگرتوو جێبەجێ دەکرێت. لە ئەنجامدا، یاریزانان و هاندەران بەهۆی ئەو شێوازە جیاوازانەی کە لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا بەکاردەهێنرێت، لە کۆتاییدا تووشی سەرلێشێوان دەبن.



