یاریگا –
ئەمڕۆ شەممە، هەردوو یانەی هەولێر و قوە جویە لە یاری کۆتایی جامی عێراق رووبەڕوو دەبنەوە.
ئەمشەو کاتژمێر 8:00 بە کاتی کورستان یاری کۆتایی جامی عێراق لە شاری بەغداد، لە یاریگای شەعبی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت.
یانەی هەولێر جاری یەکەمە لە مێژوودا دەگاتە یاری کۆتایی ئەم جامە، یانەی قوە جەویەش لە رابردوودا 5 بووەتە پاڵەوانی جامی عێراق لە وەرزەکانی 1977-78، 1991-92، 1996-97، 2015-16، 2020-21.
مێژووی رووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو یانە
لە ساڵی 1998 تا ساڵی 2023 هەردوو یانە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 35 یارییان بەرامبەر بە یەکتر کردووە.
هەولێر، 11 یاری بردووەتەوە، قوە جەویە 15 یاری بردووەتەوە و لە 9 یاریدا یەکسانبوون.
یانەی هەولێر 27 جار تۆڕی گۆڵی جەویەی هەژاندووە، قوە جەویەش 41 گۆڵی لە هەولێر کردووە.
گەورەترین ئەنجامی قوە جەویە بەرامبەر بە هەولێر 4-0 بووە، کە لە بەرواری 2005/6/24 لە خولی یانە نایابەکانی عێراق یارییەکەیان کردووە، لوئەی سەڵاح 2 گۆڵ، عەلی حسێن گۆڵێک و عەلا عەبدولواحیدیش چوارەم گۆڵی یارییەکەی کردووە.
گەورەترین ئەنجامی هەولێر بەرامبەر بە قوە جەویە ئەنجامی 2-0 بووە، کە لە چوار جاری جیاواز بەو ئەنجامە شکستی بە رکابەرەکەی هێناوە.
هەولێر هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتە گەڕ تا ئەمشەو بۆ یەکەمجار لە مێژوودا جامی عێراق بەرزبکاتەوە، هاندەرانی یانەکە متمانەیەکی زۆریان بە تیپەکە هەیە و بە هەزاران هاندەر گەشتی شاری بەغدادیان کردووە بۆ پاڵپشیکردن لە کوڕانی قەڵا و منارە.
دوایین مەشق و راهێنانی کوڕانی قەڵا و منارە لە شاری بەغداد، بەر لە یاری کۆتایی جامی عێراق.
شوان مامۆ، بەڕێوبەری وەرزشی یانەی هەولێر قسە بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا دەكات.
ساتی گەیشتنی شاندی یانەی هەولێر بۆ بەغدا