یاریگا- وڵاتی سعوودیە پاشگەزبووەتەوە لە بڕیاری هەوڵدان بۆ میوانداریکردنی جامی جیهانی ٢٠٣٠ بە هاوبەشی لەگەڵ مسڕ و یۆنان.
دوابەدوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی جامی جیهانی قەتەڕ بەدەستهێنا، وڵاتی سعوودیە لەرێگەی هێنانی ئەستێرەکانەوە هەوڵەکانی دەستپێکرد بۆ بەهێزکردنی تۆپی پێ لە وڵاتەکەی و دەگوترا ئامانجەکە ئەوەیە لەو رێگایە هیوای بەدەستهێنانی جامی جیهانی ٢٠٣٠ بەهێزتربکات.
سەرەتا مسڕ لە مانگی چوار دا کشانەوەی خۆی راگەیاند، ئەمڕۆش رۆژنامەی کاسیمێرینی یۆنانی بڵاویکردەوە، بەرپرسانی تۆپی پێی سعوودیە بە یۆنانیان راگەیاندووە ئەوانیش دەکشێننەوە و چیتر هەوڵی بۆ نادەن.
سەبارەت بە هۆکارەکەشی میدیا یۆنانییەکە دەڵێت سعوودیە پێی وایە لە ٢٠٣٠ فیفا دەیەوێت تەنها لە ئەورووپا بەڕێوەبچێت.
پێشتر فیفا رایگەیاندبوو کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە جامی جیهانی ٢٠٣٠ لە ئەورووپا دەبێت و لە ئێستادا ئیسپانیا-پۆرتوگال و ئۆکرانیا و مەغریب ، پێکەوە پڕۆژەیەکیان ئامادەکردووە تاوەکو بۆ ٢٠٣٠ ئەو شەرفە بەدەست بهێنن.