بژاردە چاوەڕواننەکراوەکەی بارسێلۆنا بۆ جێگرەوەی بۆسکێتس
یاریگا –
سێرجی داردەر کاپتنی ئیسپانیۆل بژاردەیەکی بەردەست و هەرزانە بۆ جێگرتنەوەی سێرجیۆ بوسکێتس لە بارسێلۆنا، تەنانەت دانوستانەکانیش لەگەڵیدا دەستیپێکردووە.
رەنگە بارسێلۆنا لە چەند رۆژی داهاتوودا یەکێک لە گواستنەوە چاوەڕواننەکراوەکان ئەنجام بدات. میرکاتۆیەک کە گفتوگۆی زۆر لە بارسێلۆنا بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بەپێی راپۆرتی رادیۆی کەتەلۆنیا، تیمی بەڕێوەبردنی وەرزشی یانەی بارسێلۆنا بە جددی هەڵسەنگاندن بۆ ئەگەری بوونی سێرجی داردەر لە پێکهاتەکەیدا دەکات.
کاپتن و یاریزانی ناوەڕاستی یانەی ئیسپانیۆل یەکێکە لە بژاردەکانی چاڤی بۆ بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاست و پڕکردنەوەی شوێنی بەتاڵی سێرجیۆ بوسکێتس. ئەو بژاردەی یەکەم نییە، بەڵام بەپێی بارودۆخی دارایی بارسا پێدەچێت گواستنەوەی ئەو یاریزانە ئاسانتر بێت.
بەهۆی دابەزینی ئیسپانیۆلەوە، داردەر دەتوانێت یانەکەی بەجێبهێڵێت و بە پارەیەکی زۆر کەمتر لە مەرجی ئازادکردنی. تێچوی ئازادکردنی 50 ملیۆن یۆرۆ بوو، بەڵام دوای دابەزینی ئیسپانیۆل، ئەم ڕێژەیە بۆ 10 ملیۆن یۆرۆ کەمکراوەتەوە. جگە لەوەش گرێبەستەکەی داردەر بڕگەیەکی هەیە کە رێگەی پێدەدات بە خواستن بچێتە یانەیەکی لالیگا.
لە ئێستادا ئیسپانیۆل دەڵێت هیچ ئۆفەرێکیان بۆ کاپتنەکەیان پێنەگەیشتووە، لەگەڵ ئەوەشدا رادیۆی کەتەلۆنیا بە شێوەیەکی متمانەپێکراو باسی گفتوگۆکانی نێوان بارسێلۆنا و بریکاری یاریزانەکە و هەروەها گفتوگۆکانی نێوان چاڤی و خودی داردەر بڵاوکردووەتەوە.