هازارد رێبازەکەی گاریس بەیڵی گرتووەتەبەر و بەری نادات
یاریگا-ئێدین هازارد سوورە لەسەر سزادانی خۆی و یانەکەی بە مانەوە لە لۆس بلانکۆس سەرەڕای یاری نەکردنی.
بەگوێرەی ماریۆ کۆرتیخانای رۆژنامەنووسی ئەتلەتیک ، دوو ساڵە مەدرید هەوڵ دەدات خۆی لە هازارد رزگاربکات، لە چەند رۆژی رابردوو ریاڵ مەدرید دووبارە داوایان لەو یاریزانە کردووە لە هاوینی ئەمساڵدا رووبکاتە یانەیەکی دیکە خۆی و یانەکەش لەم دۆخە رزگاربکات بەڵام رەتیکردووەتەوە و دەیەوێت هەمان سیاسەتی کۆتا وەرزەکانی گاریس بەیڵ لە یانەکە پەیڕەو بکات و تا گرێبەستەکەی تەواو دەبێت لەسەر کورسی یەدەگ بێت.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا سەرەڕای ئەوەی هیچ یاریزانێکی دیکەی نەبوو جگە لە هازارد، کارلۆ ئەنچلۆتی ئامادەنەبوو بەشداری بەو یاریزانە بکات و دەیانەوێت پێی بڵێن کە ساڵی داهاتووش بمێنێتەوە هەر بەو جۆرە دەبێت.
هازارد مووچەی ساڵانەی ٣٠ ملیۆن یۆرۆیە و بووەتە بەربەست لەوەی یانەکە بتوانێت یاریزانی سوپەر بهێنێت بە مووچەی بەرز، لە کاتێکدا بەهۆی رۆیشتنی چەند یاریزانێکی پێویستی بە یاریزانی نوێ یە.
مامەڵەی هازارد و بەیڵ لەگەڵ یانەکەدا بووەتە هۆی ئەوەی فلۆرەنتینۆ پێرێز بە تەواوی سیاسەتی لە بازاڕی گواستنەوەدا بگۆڕێت و ئامادەنەبێت هیچ یاریزانێکی ناودار بە مووچە و پارەی زۆر بهێنێتە یانەکە.