یاریگا
حکومەتی سعوودیە ئامادەکاری بۆ گواستنەوەیەکی دیکەی گرانبەها لە مێژووی تۆپی پێ وڵاتەکەی دەکات، ئەویش گواستنەوەی لیۆنێل مێسی یاریزانی ئەرجەنتینی یانەی پاریس سانجێرمانە بەرامبەر 320 ملیۆن پاوەند بۆ هەر وەرزێک.
مالپەری تەلەگراف ئاشکرای دەکات، بەرپرسانی سعوودی لەسەر گفتوگۆکانیان لەگەڵ خۆرخێ میسی باوکی یاریزانەکەی بەردەوامن بۆ ئەوەی یاریزانەکە رازی بکەن، دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە فەرەنسیەکە پەیوەندی بە یانەکەیان بکات و گفتوگۆکانیش بەرەو پێشچوونێکی باشیان هەیە.
تەلەگراف باسی لەوەشکردووە بەرپرسانی سعوودی لە پێناوی گواستنەوەی میسی بۆ ریزەکانی یانەی هیلال، ئامادەن ساڵانە 400 ملیۆن یۆرۆ کە دەکاتە 320 ملیۆن پاوەند پێشکەش بەو یاریزانە بکەن، ئەو کات لیۆ دەبێتە گرانبەهاترین یاریزانی مێژوو و پێش کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکەوێت.
سەرچاوکە دەشڵێت حکومەتی سعوودیە لە رێگەی گەری کوک بەرێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگڵتەرا لەسەر هێلە، بۆ ئەوەی هاوکاریان بکات لە واژۆ کردنی گرێبەستەکەی لیۆنێل مێسی.
تەلەگراف بڵاویشی کردووەتەوە یانەی پاریس سانجێرمان لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئۆفەرێکیان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پێشکەش میسی کردووە، بەڵام دوای تێکچوونی پەیوەندیەکانی ئەو یاریزانە لەگەڵ کارگێری یانەکە و گەشتەکەی بۆ سعوودیە، ئەو ئۆفەرە پاشەکشەی پێکراوە.