ئیتاڵیاگرنگترین

بەرپرسانی یوڤێنتوس دادگایی دەکرێن

یاریگا –

دادگا لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسانی یوڤێنتوس دەکات.

دادوەری دادگای باڵای تۆرینیۆ، ئەمڕۆ خوێندنەوەی بۆ بانگکردنی ئاندرێیا ئانێلی، سەرۆکی پێشووی یوڤێنتوس و 11 بەرپرسی دیکەی یانەکە ئیتاڵییەکە بۆ بەردەم دادگا کردووە.

دادوەر لێکۆڵینەوە لە بوونی گومانی ئاشکراکردنی هەژماری هەڵەی دارایی لە تۆمارەکانی یوڤێنتوس دەکات.

لە رۆژی یەکەمی دادگاکە، بە نهێنی گوتەی چەند کەسێک وەرگیرا و پێشبینی دەکرێت، دانیشتنی دادگاکە بۆ چەند مانگێک بەردەوام بێت، دواتر مارکۆ بیکۆ، دادوەری کەیسەکە بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسەکە دەدات.

مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا، داواکاری گشتی داوای کرد، تۆمەتباران بچنە بەردەم دادگا، ئەمەش دوای لێکۆڵینەوە کردن لە هەژمارەکانی یانە و ئەو داتایانەی لە بازاڕی دارایی پێشکەش کراون، لە سێ ساڵی رابردوودا.

داواکاری گشتی تۆرینۆ پێی وایە، یوڤێنتوس لە وەرزەکانی 2018/19 – 2019/20 – 2020/21 ژمارەی راستەقینەی زیانەکانی ئاشکرا نەکردووە. لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا بۆ نوێنەرانی داواکاری گشتی دەرکەوتووە، یوڤێنتوس بە بیانووی پەتای کۆرۆنا، لە هەژمارە داراییەکان مووچەی یاریزانەکانی کەم کردووەتەوە.

یوڤێنتوس بوونی هەڵە رەتدەکاتەوە و دووپاتیکردووەتەوە، تۆمارە داراییەکان بە گوێرەی پێوەرە ستانداردەکانی تۆپی پێیە.

لە کۆتاییەکانی مانگی نۆڤێمبەری ساڵی رابردوودا، ئانێلی و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی چەند رۆژێک بەر لە داواکارییەکەی داواکاری گشتی دەستیان لەکارکێشایەوە.

لێکۆڵینەوەکان لە بابەتە داراییەکانی یوڤێنتوس لەلایەن دەستەی وەرزشی ئیتاڵی دەستیپێکرد و ئەمەش بووە هۆکاری کەمکردنەوەی 15 خاڵ لە سێریا ئەی.

بابەتی زیاتر

Back to top button