ئینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترینیاریگا

ئارسیناڵ زیاتر لە نیو دەرزەن یاریزانی دەفرۆشێت

ئارتێتا ئارسیناڵ بۆ چامپیۆنزلیگ ئامادە دەکات

یاریگا –

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی The Sunی ئینگلیزی، یانەی ئارسێناڵی لەندەنی بەنیازە لەماوەی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوو دەستبەرداری 7 یاریزانی یانەکەی بێت، کە ئەم ڕاماڵینە لە گرانبەهاترین یاریزانی مێژووی یانەکەوە دەست پێدەکات.

گەنەرز دەیەوێت لەم هاوینە سەرەتا لە نیکۆڵاس پیپ خۆی رزگار بکات کە ناوبراو گرانبەهاترین گرێبەستە لە مێژووی یانەکە، کە لە هاوینی ساڵی 2019 بە بڕی 80 ملیۆن یۆرۆ لەیانەی لیلی فەڕەنسییەوە گواسترایەوە بۆ یانەکەی شاری لەندەن.

پیپ لەگەڵ ئارسیناڵ نەیتوانی ئاستێکی باش پێشکەش بکات، لە مانگی 10ی ساڵی 2021 یشەوە هیچ یارییەکی بۆ گەنەرز نەکردووە، لەگەڵ یانەکەیش لە 112 یاریدا توانی تەنیا 27 گۆڵ بکات، بەمەیش متمانەی راهێنەری یانەکە، مایکڵ ئارتێتای لەدەست دا.

نیکۆڵاسی تەمەن 27 ساڵان لە ئێستادا بەشێوەیەکی خواستن یاری بۆ یانەی نیسی فەڕەنسی دەکات، لەم وەرزە لە 25 یاری 8 گۆڵی بۆ یانەکەی کردووە، یانە فەڕەنسییەکەش ئامادەیی خۆی پیشاندابوو گرێبەستەکەی بۆ بکات بۆ هەمیشەیی، بەڵام لە ئێستادا هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەو گواستنەوەیە نییە.

ئەمەش نیگەرانی بۆ بەرپرسانی ئارسیناڵ درووستکردووە، کە ترسیان هەیە لەم هاوینە هیچ کڕیارێکیان بۆ هێرشبەرەکەیان دەست نەکەوێت، بەمەش ناچاردەبن لەکاتی بەڕێکردنی برێک پارەی وەک قەرەبوو پێبدەن، کە بڕەکەی دەگاتە نزیکەی 7 ملیۆن یۆرۆ.

جیا لە نیکۆڵاس ناوی هەریەکە لە یاریزانان ئەینسلی مایتلاند، سامبی لۆکۆنگا، نونۆ تاڤارێس، پابلۆ ماری، سێدریک سوارێز و ئەلێکس ڕونارسن لەو لیستەدایە کە یانەکە دەیەوێت لەم هاوینەدا دەستبەرداریان بێت.

جێگای باسە لەوکاتەوەی ئارتێتا بووە بە راهێنەری ئارسیناڵ یانەکە بەبێ بەرامبەر دەستبەرداری هەریەکە لە یاریزانان مەسعود ئۆزێل، ئۆبامیانگ، لاکازێت، هێنریک مخیتاریان، شکۆدران مستافی، سۆکراتیس ، کۆلاسیناک، هیکتۆر بێلێرین، کالۆم چەمبەرز و دەیڤد لویز بووە، کە بە بەهای 340 ملیۆن پاوەند زیانی دارایی بە یانەکە گەیاندووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button