فه‌ره‌نساگرنگترین

ئێمباپێ: لە هەستی گریزمان تێدەگەم

یاریگا –

کیلیان ئێمباپێ، کاپتنی نوێی هەڵبژاردەی فەرەنسا دووپاتیدەکاتەوە، ئەرکی داهاتووی بەستنەوەی نەوەکانە لە هەڵبژاردەی فەرەنسا.

ئێمباپێ لە شوێنی هوگۆ لۆریس، نیشانەی کاپتنی کەڵەشێرەکانی پێدرا، ئەمەش دوای وازهێنانی لۆریس لە یاریکردن لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوو، سێشەممەی پێشوو، دیدیێ دیشان بڕیاریدا ئێمباپێ ببێتە کاپتنی نوێی هەڵبژاردەکەیان.

ئێمباپێ لە دوای وەرگرتنی نیشانەی کاپتنی روونیکردەوە

کار لەسەر یەکخستنی تیمەکە دەکەم و دەبمە خاڵی بەستنەوەی نەوەکان. ئێستا بوومەتە کاپتنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەم، ئێستا ئەرکم لەسەر و نابێ خۆی لێ بەدوور بگرم. بە شێوەیەکی ئاسایی ئەرکەکە وەردەگرم، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی گۆڕینی شێوازی یاری کردنم، بەڵکو رەنگە کاریگەری لەسەر هەڵسوکەوتەکانم بکات.

شۆکبوونی گریزمان

ئانتوان گریزمان، بە کاپتنی دووەمی هەڵبژاردەی فەرەنسا دەستنیشانکرا، بەڵام ئێمباپێ دەڵێت، گریزمان بە بڕیارەکە نیگەران بووە.

گریزمان لە ساڵی 2014 کارەکانی لەگەڵ دیشان دەستپێکرد و هەر لەگەڵ ئەودا یەکەم یاری نێودەوڵەتی کرد، لە بارەی نیگەرانی گریزمان، ئێمباپێ دەڵێت

کاردانەوەکەی پێشبینیکراو بوو، قسەم لەگەڵ کرد و پێم گوت، ئەگەر لە شوێنی تۆ بوومایە، هەمان هەستم دەبوو. رەنگە گریزمان گرنگترین یاریزانی سەردەمی دیشان بێت، بەڵام من سەرۆکی ئەو نیم لە تیمەکەدا. بە یەکدەست کار بۆ سەرخستنی تیمەکەمان دەکەین، بۆ ئەوەی لە پێگەی شایەنی خۆیدابێت لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.

ئێمباپێ، 66 یاری نێودەوڵەتی لەگەڵ کەڵەشێرەکان کردووە و لە ساڵی 2018 مۆندیالی رووسیای بردەوە و لە مۆندیالی رابردووشدا، پلەی دووەمی بەدەستهێنا. ئەو دەڵێت جیاواز لە لۆریس کار دەکات.

ئەمشەو ئێمباپێ بۆ یەکەمجار نیشانەی کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە بەرامبەر هەڵبژاردەی هۆڵەندا دەبەستێت، بڕیارە یارییەکە لە ستاد دۆ فرانس لەمیانی یارییەکانی پاڵاوتنی یۆرۆی 2024 بەڕێوەبچێت و دووشەممەی داهاتووش، رووبەڕووی ئێرلاند دەبێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button