ئه‌وروپاعێراقگرنگترین

مۆڵه‌تی 72 كاتژمێر ده‌درێته‌ عه‌دنان درجال

پەردە لەسەر دۆسیەیەکی هەستیار لاده‌درێت

Yariga App

یاریگا –

یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بە فەرمی دۆسیەیەکی دارایی هەستیار لە دژی سەرۆکی پێشووی یەکێتییەکە، عەدنان درجال، دەجووڵێنێت و داوای روونکردنەوەی بەپەلە ده‌كات.

بەپێی نووسراوێکی فەرمی ئه‌مینداری گشتی یەکێتییەکە کە وێنه‌یه‌كی ده‌ست تۆڕی وه‌رزشی یاریگا كه‌وتووه‌، داوایكردووه‌ روونكرده‌وه‌ له‌سه‌ر  بڕی 500 هەزار دۆلاری ئەمریکی (نیو ملیۆن دۆلار) بده‌ن كه‌ وەک دیاری لەلایەن نووسینگەی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق، ئاراستەی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق كراوه‌.

ئەم بڕە پارەیە تایبەت بووە بە پاداشتی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی عێراق بۆ مۆندیالی 2026، تاوەکو بەسەر یاریزانان، راهێنەران و ستافی کارگێڕی هەڵبژاردەکەدا دابەش بکرێت.

لێپێچینەوە و پێشێلکاری یاسایی

یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە نووسراوەکەیدا چەند پرسیارێکی ئاراستەی عەدنان درجال کردووە و داوای روونکردنەوەی ئەم خاڵانە دەکات:
1. هۆکاری چییە ئەم بڕە پارە زۆرە تاوەکو ئێستا لای سەرۆکی پێشوو ماوەتەوە و بەسەر شایستەکاندا دابەش نەکراوە؟
2. بۆچی ئەم پارەیە نەخراوەتە سه‌ر هەژمارە بانکییە فەرمییەکانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و وەک دیاری دەرەکی بەپێی یاسا کارپێکراوەکان تۆمار نەکراوە؟

مۆڵەتی 72 کاتژمێر

ئەم نووسراوە کە بە واژۆی کۆڤەند عەبدولخالق مەسعوود، ئەمینداری گشتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەرچووە، مۆڵەتی 72  کاتژمێری داوەتە عەدنان درجال تاوەکو بە شێوەیەکی نووسراو و بە بەڵگەوە وەڵامی یەکێتییەکە بداتەوە.

لە کۆتایی نووسراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، کە ئەگەر لەو ماوەیەدا وەڵامێکی رازیكه‌ر نەبێت، یەکێتییەکە پەنا بۆ رێکارە یاساییەکان دەبات لە دژی کەمتەرخەمانی ئەم دۆسیەیە.

بابەتی زیاتر

Back to top button