خوله‌کانی دیکە

رۆناڵدۆ کۆڵ نادات و چاوی لە نازناوێکی گەورەیە

یاریگا –

کریستیانۆ رۆناڵدۆ کۆڵی نەداوە و دەیەوێت بەشداری لە یۆرۆی 2024 بکات.

رۆژنامەی زە ئاتڵەنتیک بڵاویکردووەتەوە، پێشبینی دەکرێت، کریستیانۆ رۆناڵدۆ 38 ساڵان بانگهێشتی هەڵبژاردەی پۆرتوگال بکرێت، بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەکانی لیختێنشتاین و ئایسلاند، لە چوارچێوەی پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024.

بەگوێرەی سەرچاوەی رۆژنامەکە، رۆناڵدۆ بڕیاریداوە واز لە یاری نێودەوڵەتی نەهێنێت، سەرەڕای بڵابوونەوەی دەنگۆی نیازی وازهێنانی رۆناڵدۆ لە یاری نێودەوڵەتی، لە دوای دۆڕانی یارییەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی مەغریب لە مۆندیالی 2022.

رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەی نەسری سعودی، دەیەوێت لە یاری نێودەوڵەتی بەردەوام بێت و قەرەبووی بێ دەستکەوتی لە مۆندیالی پێشوو بکاتەوە.

پێشبینی دەکرێت، رۆناڵدۆ لەگەڵ پێنجەمین راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال دەربکەوێتەوە، ئەمەش دوای دەستنیشانکردنی رۆبێرتۆ مارتینێز، بە راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە دوای دوورخستنەوەی فێرناندۆ سانتۆس.

رۆناڵدۆ کاری لەگەڵ هەریەکە لە راهێنەران لویس فیلیپێ سکۆلاری، کارلۆس کیرۆش، پاولۆ بێنتۆ و فێرناندۆ سانتۆس کردووە.

رۆناڵدۆ 196 یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال کردووە و تەنیا پێویستی بە یەک یاری دیکەیە بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن زۆرترین بەشداری لە یاری نێودەوڵەتی لە مێژووی تۆپی پێدا. ئێستا لەگەڵ بەدر متەوەع، هێرشبەری پێشووی هەڵبژاردەی کوێت یەکسانە.

هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە کۆمەڵەی دەیەمی پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024، لەگەڵ هەڵبژاردەکانی بۆسنیا، ئایسلاند، لوکسێمبۆرگ، سلۆڤاکیا و لیشتنشتاین.

یەکەم و دووەمی کۆمەڵەکان راستەوخۆ دەگەنە یۆرۆی 2024 و سێ هەڵبژاردەش بە پاشکۆ سەردەکەون.

هەفتەی داهاتوو یارییەکانی پاڵاوتنی یۆرۆ دەستپێدەکەن و تاوەکو تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەردەوام دەبن و یارییەکانی پاشکۆش لە ئاداری ساڵی داهاتوو دەکرێن.

بابەتی زیاتر

Back to top button