ئیسپانیاگرنگترین

چەند بەڵگە لە دژی بارسێلۆنا کۆکراونەتەوە؟

یاریگا –

داواکاری گشتی تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی بەرتیلدانی بارسێلۆنا بۆ ناوبژیوانان پێشکەش نەکردووە.

رۆژنامەی مارکا بەدواداچوونی بۆ تۆمەتەکانی داواکاری گشتی بۆ یانەی بارسێلۆنا کردووە، گوایە یانە کاتالۆنییەکە بەرتیلی بە ئێنریکێز نێگرێیرا، سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی پێشوو داوە، تاوەکو ناوبژیوانان لە بەرژەوەندی بلوگرانا دابنێت، ئەمەش تاوانێکی روونە و ئەگەر پشتڕاست کرایەوە، ئەوا بارسا رووبەڕووی قەیرانێکی قووڵ دەکاتەوە.

لە راپۆرتی مارکادا هاتووە، بەدواداچوون بۆ تەواوی بەڵگەکانی کەیسەکە کردووە و لەگەڵ چەند پارێزەرێک لێکۆڵینەوەیان کردووە، بەڵام داواکاری گشتی هیچ بەڵگەیەکی لە پێدانی بەرتیل بە ناوبژیوانان لەلایەن بارسێلۆناوە پێشکەش نەکردووە.

رۆژی هەینی رابردوو، داواکاری گشتی سکاڵای لە دادگای زانیارییەکانی ژمارە 1 لە بارسێلۆنا لە دژی ساندرۆ رۆسێل و جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ بەرزکردووەتەوە. هەروەها لە سکاڵاکەدا ناوی هەریەکە لە ئۆسکار گراو و ئالبێرت سۆلێر و نێگرێیرا و یانەی بارسێلۆنا (وەک کەسایەتی ئیعتیباری) هاتووە.

ئەوانەی ناویان لە سکاڵاکەدا هاتووە، تۆمەتبارن بە پێدانی بەرتیل بە نگیرێرا، بۆ ئەوەی ناوبژیوانەکان لە بەرژەوەندی بارسێلۆنا دابنێت، ئەمەش تاوانێکی بەرتیلی وەرزشییە و هەروەها بە بەڕێوەبەردنی نادادپەروەرانە و ساختەکردنی بەڵگەی بازرگانی تۆمەتبار کراون.

تۆمەتبارکردنی سەرۆکانی پێشوو

بەگوێرەی سکاڵاکە بێت، هەریەکە لە رۆسێل و بارتۆمیۆ، سەرۆکانی پێشووی بارسێلۆنا رێککەوتنێکی زارەکی نهێنییان لەگەڵ نیگرێرا کردبوو. لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە، هەندێ رێکار لە بەرژەوەندی بارسێلۆنا بدات و کاریگەری لەسەر ئەنجامی یارییەکان هەبێت.

لە راپۆرتەکە هاتووە، نێگرێیرا دەستوەردانی لە دەستنیشانکردنی ناوبژیوانانی تەواوی پاڵەوانییەتییەکانی ئیسپانی کردووە و هەروەها دەستوەردانی لە بەرزکردنەوە و بەرەوپێشبردنی ناوبژیوانان کردوە، بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر بڕیارەکانیان دروست بکات.

هیچ بەڵگەیەک لە سکاڵاکەدا نییە

سەرباری ئەمەش هیچ بەڵگەیەک لەبارەی ئەو تۆمەتانە لەلایەن داواکاری گشتی پێشکەش نەکراوە. فیلیپێ ئیزکویدێرۆ بە رۆژنامەی مارکای راگەیاند، لە درێژایی ماوەی سکاڵاکە، هیچ بەڵگەیەک و نیشانەیەک لەبارەی بەرتیل دان پێشکەش نەکراوە. ئەوەی باس دەکرێت تەنیا گومانن و هیچ بەڵگەیەک کەیسەکەی یەکلایی نەکردووەتەوە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button