ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌

زیدان: بێ ڕێزیم بە گاریس بەیڵ نەکردووە، تەنها زمانی ئیسپانییم تۆزێک تێکەڵی دەکات!

یاریگا- زینەدین زیدانی ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید پاساوی بۆ قسەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی هێنایەوە کە لە بارەی گاریس بەیڵی یاریزانییەوە کردی، ئەوەش لە لایەن بریکاری وێڵزییەکەوە وەک “بێڕێزیی” وەرگیرا بەوەی زیدان ڕێزی بۆ دەستکەوت و ئەنجامەکانی بەیڵ نەبووە.

لە میانی خۆئامادەکردن بۆ وەرزی نوێ، ڕیاڵ بە ئەستێرە نوێیەکانییەوە ڕووی کردە ئاسایا و گاریس بەیڵیش بەشداریی پێنەکرا، ڕاهێنەرە فەڕەنسییەکە ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە بۆ یانەکە و خودی یاریزانەکەش وا باشترە چی زووترە بڕوات.

لە تازەترین کۆبوونەوەی ڕۆژنامەوانی پێش دووەم یاری دۆستانەیان بەرامبەر ئارسیناڵ، جارێکیتر بابەتی گاریس بەیڵ بەشێکی زۆری گفتوگۆ و پرسیارەکان بوو، زیدانیش بەم شێوەیە ڕوونکردنەوە و پاساوەکانی خستە ڕوو:

“من بێڕێزییم بەرامبەر کەس نەکردووە، هیچ یاریزانێک. گاریس بەیڵیش یاریزانی ڕیاڵە و ڕاهێنانەکانیش ئەنجام دەدات، ئیتر بزانین بەرامبەر ئارسیناڵ چی ڕوو دەدات”

وتیشی: “هەندێ جار ئیسپانییەکەم تێکەڵی دەکات. با ڕوون و ڕاشکاوبم لەم بابەتە. یەکەم شت، من بێڕێزییم بەرامبەر کەس نەکردووە، چونکە من هەمیشە گوتومە کە یاریزانەکان گرنگترینن و خۆشم لە پشتیانەوەم. دووەم، من وتم یانەکە کار لەسەر گواستنەوەی دەکەن، تەواو. سێیەمیش، جەختم کردەوە کە ئەوە بۆ هەموو لایەک باشترە. ڕۆژی دواتر ئەوە بوو، خودی گاریس بەیڵ ڕایگەیاند کە یاری ناکات، چونکە نەیدەویست بەوەی کە وتی یانەکە بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێن بۆ فرۆشتنی، بۆیە نەیویست یاریی بکات. بابەتەکەوە بەو سادەییە ڕێک وایە. ئێستا ئەو یاریزانی ڕیاڵە و ئاسایی ڕاهێنانەکان ئەنجام دەدات و بزانین بەیانی چی ڕوو دەدات. شتی نوێترم لەو بارەیەوە پێ نییە.”

+ باشە، گاریسی بەیڵ داوای لە یانەکەی کرد کە ئەگەر ئاسایی بێت نایەوێت یاری بکات، ئەی داوای لە تۆ نەکرد؟

– زیدان: “ئەو ئەمڕۆ بەشێوەیەکی ئاسایی ڕاهێنانەکان ئەنجام دەدات، بەیانییش ڕۆژێکیترە. بزانین چی ڕوو دەدات.

+ بریکارەکەی بەیڵ وەڵامی دایتەوە کە ئەوەی زیدان بە ئاشکرا گوتوویەتی، بێڕێزییە بەرامبەر بە یاریزانەکە، ئەی خودی بەیڵ پێی توویت کە دەڕوات، یان تۆ پێت ڕاگەیاندووە کە بڕوات؟

– زیدان: “تۆ دەتوانیت هەر پرسیار بکەیتەوە، بەڵام من لە بەشی یەکەمی قسەکانمدا وەڵامم دایتەوە. ئەمڕۆ بەیڵ بەشێوەیەکی ئاسایی ڕاهێنانەکانی لەگەڵ تیپەکەدا ئەنجام دەدات، بزانین یاری بەیانیمان چی ڕوو دەدات.”

+ تۆ وەک ڕاهێنەر، بەیڵت لە تیپەکە دوورخستۆتەوە یانیش لەسەر کورسی یەدەک دادیدەنیشێنیت، ئەمە هۆکاری ئەوە نییە کە ئەو لەگەڵ پلانەکانی تۆدا ناگونجێت؟

– زیدان: “ئەو ئێستا یاریزانێکی تیپەکەیە.”

+ ئەوە ناخۆش نییە بۆ تۆ کە پلانی ڕاهێنانەکانت دادەنێیت بە هەبوونی گاریس بەیڵەوە، بەڵام یاریشی پێناکەیت؟

– تۆ وەڵامی من لەو ڕووەوە دەزانیت. من پێویستە ڕێز لە یاریزانەکان بگرم. ناتوانم درۆ بکەم. ئەویش ئێستا ئەوە ئەنجام دەدات کە یاریزانەکانیتر دەیکەن.”

بۆ زانین، دەنگۆ هەیە تا ئێستا چەند یانەیەک هاتوونەتە سەر هێڵ بۆ قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە و گواستنەوەی بەیڵ، لە نێویشیاندا یانەکانی خولی چینی.

بابەتی زیاتر

Back to top button