ئه‌وروپائیسپانیا

لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا و 18 ساڵ پێش ئێستا میسی یەكەم یاری بۆ بارسا ئەنجامدا

یاریگا-

کاتێک لیۆنێل میسی چووە نێو ژووری خۆ گۆڕینی بارسێلۆناوە، ھەموو تیپەکە لەوێ بوون جلیان دەگۆڕی، بە ڕێزێکی تایبەتەوە بەرەو ئەو لۆکەرە ڕۆشت کە ناوی ئەوی لەسەر ھەڵکۆڵرا بوو، کردییەوە و جلەکانی گۆڕی، ١ی مەی 2005 بوو، پێشتر ئەو خۆی سەلماند بۆ ڕاھێنەر فرانک ڕیکارد بە گرتنی پەناڵتیەک و دروستکردنی چەند گۆلێک، ئەمە یاری سێھەمی بوو لەگەڵ تیپی سەرەکی بەرامبەر ئەڵباستە، تەمەنی تەنھا 17 ساڵ ئەمساڵ لاوترین یاریزانی تیپ بوو..

ڕەنگە پڕتەقاڵی و ڕەشەکان لە ھەموو شوێنێک ھەبون، کەسێک دەست دەخاتە سەر شانی مێسی، لیۆ سەر بەرز دەکاتەوە ھاورێکەی ئەندرێس ئێنیستا بوو، دەڵێت: ئێستا کاتی نمایشە لیۆ!

لیۆ سەر دەجوڵێنێت، ھەڵدەستێتەوە و بە دوای ھاوتیپەکەیدا دەکەوێتە ڕێ، تونێلی نیوکامپ بەرەو یاریگاکە دوورو درێژە، دیوارەکانی پڕە لە وێنەی گەورەی یاریزانانی ئێستای بارسا، لیۆ لەکاتێکدا لەنێوان ھاوڕێکانیدا بەرەو دەرگەی دەرەوەی ستادیۆمەکە دەڕۆیشت ھەستی بە شانازی کرد، کاتێ گەیشتە کۆتایی تونێلەکە، دەنگی ھاواری ھاندەر ھات و کەڕکەر بوو، دڵی لیۆ خێرا لێی دەدا، بینەران لە ھەموو لایەکەوە ھەبوون، ئەم جارە لە ھێڵی کەناری یاریگاکەوە تێ پەڕی و لە تەنیشت ھاوتیپەکانی لەناوەڕاستی یاریگا ڕاوەستا، کاتێک گوێی لەناوی خۆی دەبێت، کە جەماوەر بە ھاوارەوە بانگی دەکەن مووی گیانی ڕاست دەبێتەوە، تەواوی خەونی ئەم چرکانەی ھەبوو..

44 خولەک دواتر ئێنیستا ئاوتێک ھەڵدەدات و دووبارە خۆی تۆپ وەردەگرێتەوە، چەند بەرگریگارێک دەبڕێت و تۆپەکە دەدات بە ڕۆناڵدینھۆ، ئەویش تۆپەکە بەسەر کۆتا بەرگریکارەوە بەرەو لای لیۆ فڕێدەدات، مێسی تۆپەکە بە شێوەیەکی بێ وێنە کۆنترۆل دەکات و دواتر وەھا لێی دەدات کە بە خوێن ساردییەوە لە ئاست سەری گۆڵچییەوە تۆپ دەنێرێتە گۆڵەوە، خۆشحاڵە بەڵام گوێی لە شاوری دادوەر دەبێت، یاریدەدەرەکەی دادوەر دەبینێت کە ھێمای ئۆفساید ئاڵاکەی بەرز کردۆتەوە، گۆڵ ھەژمار نەکرا، لیۆ ئارامە بزەیەکی بەرەو ڕووی ڕۆنالدینھۆ دەکات، ھێشتا دەبێت خۆڕاگر بێت بۆ گۆڵکردن..

ڕێک یەک خولەک دواتر، وەک بڵێی دووبارە ڕوو بداتەوە ڕۆنالدینھۆ دوبارە تۆپەکە بەسەر بەرگریکارەکانەوە دەنێرێت بۆ لیۆ، لیۆ دوبارە بە ئارامی تۆپەکە کۆنتڕۆڵ دەکات و بە لێدانی چەپ تۆپەکە بەسەر گۆڵچیدا دەنێرێتە گۆڵەوە.

لیۆ لە خۆشحاڵیدا خۆی ھەڵدەدات بە ھەوادا، بەرەو ڕووی ڕۆناڵدینھۆ ڕادەکات و خۆی ھەڵدەداتە سەر پشتی ئەو، لەکاتێکدا ڕۆنادلینھۆ ڕا دەکات! مێسی دەستەکانی بۆ ئاسمان بەرز دەکاتەوە، جەماوەر ھاوار دەکەن لیۆ دێتە خوارەوە پەنجەکانی بۆ ئاسمان بەرز دەکاتەوە و یەکەمین گۆڵی لە بەرشەدا پێشکەشی بە دایە گەورە سیلیا دەکات کە ھۆکار بووە بۆ گەیشتنی بەم ڕۆژ و ساتە..

لە تەنیشت یاریگادا ڕیکارد یاریدەدەرەکەی پەرە گراتوکاسی لە ئامێز گرتووە، لەسەر کورسیەکان، جۆرج مێسی لە سەر پێیەکانی ڕاوەستاوە و شێتانە خۆشحاڵی دەردەبرێت، لە کورسیی پشت ڕاھێنەرانەوە، جۆزێف ماریا مێنگۆلا لەسەر پێ ڕاوەستاوە و شایەتی موعیجزەی ئەو کوڕەی نێو یاریگایە لە لایەکی ترەوە چارلی رکسا بە شانازییەوە چەپڵە بۆ ئەو کوڕەی خەڵکی ڕۆزاریۆ لێ دەدات.

لە ڕۆزاریۆ و سەرتاسەری ئەرژەنتیندا، لایەنگیران و خێزانەکان، ڕاھێنەر ئاپا گیفا، گابرێل دیگرۆلامۆ، ڤیچیۆ و کارلۆس مۆرالیس دکتۆر شوارتز ئەشتاین، شۆفێری بارھەڵگرەکان، کاپتنی کەشتیەکان، سەوزە فرۆشەکان، مامۆستایانی خوێندگە، یاریزانانی داھاتوو منداڵەکانی خوێندنگە لە بەردەم تەلەفزیۆنەکان، لە خۆشیدا ھاوارییان دەکرد بە ھاوارەوە دەیانگوت: پایپی ڕۆزاریۆی ئەرژەنتین یەکەمین گۆڵی بۆ بارسا تۆمار کرد پیرۆزە.

نوسینی: عیماد نوح.

بابەتی زیاتر

Back to top button