ئه‌مریکاکۆپا ئەمریکا

تیاگۆ سیلڤا: مێسی باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێیە

یاریگا- تیاگۆ سیلڤای بەرگریکاری هەڵبژاردەی بەڕازیل و یانەی پاریس سانت ژێرمان پەسنێکی زۆری لیۆنێل مێسی دەکات و وەک باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێش ناوی دەبات.

سیلڤا لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانییدا کە بۆی ساز کرا بوو، باسی لە ڕووبەڕوو بوونەوەکە چاوەڕوانکراوەکەی هەڵبژاردەکەی و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین کرد، هەروەها لە وەسفی کاپتنەکەی تانگۆدا گوتی: “هەرکاتێک یاریم لە دژی کردبێت، قورس بووە بۆم. گرنگ نییە چەند دەیخوێنیتەوە، چونکە گەرگیز لەو چۆنێتی مێسی تێناگەیت. توانای ئەنجامدانی هەموو شتێکی هەیە. من وەک یاریزانێکی دڵی بەرگریی، دەبێت ئەرکی ماڵەوەی ئەنجام بدەم تا لێی تێبگەم، بەڵام زۆر قورسە بزانیت لەنێو یاریگادا چی دەکات.”

بە بەراوردکردنی بە ئەفسانەکانی وەکوو زیکۆ و مارادۆنا و پیلی…هتد، سیلڤا گوتی: “من یاری پیلی و زیکۆ و مارادۆنام نەبینیوە، ناتوانم لە بارەیانەوە قسە بکەم، بەڵام تاکە کەس بەو شێوازەی مێسی یاری بکات تەنها خودی مێسی خۆیەتی. من ڕۆناڵدینهۆم بینیوە و هاوتیمیش بووینە، ڕۆناڵدۆی دیاردەم بینیوە، لەگەڵ سیدۆرفدا یاریم کردووە، بەڵام مێسی هاوتای نییە.”

سەرلەبەیانی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە کاتژمێر 3.30 بەڕازیل لەنێو یاریگای خۆی و لەبەردەم هاندەرانیدا لە میانی یاری پێش کۆتایی کۆپا ئەمریکا ڕووبەڕووی ئەرجەنتین دەبێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button