عێراق

گۆڤەند عەبدولخالق: ڤاڕ لە یاریەکەی عێڕاق و ئیماڕات بە کاردەهێنین

یاریگا-

دوای بەدەست هێنانی ڕەزامەندی یاری کردن لە خاکی عێڕاق بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیالی 2022ـی وڵاتی قەتەڕ، یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق دەیەوێ بە جوانترین شێوە میوانداری یاریەکەی هەڵبژاڕدەی ئیماڕات بکات ،بۆ ئەم مەبەستەش گۆڤەند عەبدولخالق ئەندامی یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق تایبەت بە یاریگانێت ووتی:

( دوای هەوڵدانێکی زۆر بە مەبەستی یاریکردنی هەڵبژاردەی عێڕاق لە نێو خاکی عێڕاق، دواجار یەکێتی تۆپی پێی جیهان و یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا ڕەزامەند بوون لە سەر ئەنجامدانی یاری عێڕاق و ئیماڕات لە شاری بەغداد، ئێمە پێشوتریش ئابڵوقەی وەرزشیمان لە سەر نەبوو، بەڵام بەهۆی بارودۆخێکی سیاسی و خۆپیشاندانەوە یارییەکانی ئێمە بەشێوەیەکی کاتی لە دەرەوەی عێڕاق ئەنجامدەدرا، بۆ ئەم یاریە دەمانەوێ بە شێوەیەکی باش ئامادەکاری بکەین تایبەت لە ڕووی ڕێکخستنەوە بۆ ئەوەی بتوانین یارییەکانی لە خاکی عێڕاق ئەنجامبدەین، سەبارەت بە دانانی سیستمی ڤاڕ ئەوا یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەم کۆمپانیایانەی گرێبەستی لەگەڵ کردوون بەمەبەستی دانانی ڤاڕ دێن بۆ عێڕاق، یاریگا تازەکانی ئێمەش لە سەر شێوازی مۆدێرن دروست کراون و شوێنی تایبەت بەم سیستەمە ئامادەیە)

لە بەشێکی تری قسەکانیدا گۆڤەند ووتی ( بۆ یاریەکەی ئیماڕات، عەبدولغەنی شەهد ڕاهێنەری هەڵبژاردەی عێڕاق سەر پشکە لە دەستنیشانکردن و بانگهێشتکردنی یاریزان، بەڵام ڕەنگە بۆ ئەم جارە یاریزانی کوردی تازە لە ڕیزی هەڵبژاردەکە ببینین و تا ئێستاش بەفەرمی یاریزانەکان دەستنیشان نەکراون)

وابڕیارە لە 24ـی ئەم مانگە هەر دوو هەڵبژاردەی عێڕاق و ئیماڕات لە شاری بەغداد و بە دیاریکراوی لە نێو یاریگای مەدینە لە یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیالی 2022ـی وڵاتی قەتەڕ ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button