فه‌ره‌نساگرنگترین

ڤاڵبوێنا چی بەسەرهات و بەنزیمە چۆن تێوەگلا

یاریگا-شەش ساڵ تێپەڕیووە بەسەر ئەو کەیسەی ناوبانگی کەریم بەنزیمەی شێواند و بووە هۆی تێکشکانی ماتیۆ ڤاڵبوێنای هاوڕێی بەنزیمە و ئەستێرەی پێشووی فەڕەنسا و  مارسیلیا.

لە ٢٠١٥دا، ڤاڵبوێنا داوا لە کەسێک دەکات بەناوی ئاکسێل ئانگۆت تا وێنە و ڤیدیۆی ناو مۆبایلەکەی بۆ بگوازێتەوە سەر ئامێرێکی نوێ، ئانگۆت لە ناو مۆبایلەکەی ڤاڵبوێنا دەستدەگرێت بەسەر کۆمەڵێک گرتەی سێكسی و رووتی  ئەو یاریزانەدا. پاشان ئانگۆت و کەسێکی دیکە بە ناوی موستەفا زەواوی هەڕەشە لە ڤاڵبوێنا دەکەن ئەگەر پارەیان پێنەدات گرتەکان بڵاودەکەنەوە.

ڤاڵبوێنا گوێ بە هەڕەشەکان نادات و پۆلیس ئاگاداردەکاتەوە، پۆلیسیش پلان بۆ ئۆپەراسیۆنێک دادەنێت تاوەکو تۆمەتبارەکان لەکاتی تۆمەتەکەدا دەستگیربکەن. دوای ئەوەی پۆلیس بە نهێنی  چاودێری دۆخەکە دەکات کەسێکی دیکە دێتە ناو باسەکە بەناوی کەریم زێناتی کە هاوڕێی منداڵی کەریم بەنزیمەیە.  تۆمەتبارەکان زێناتی بەکاردەهێنن تاوەکو بەنزیمە پارەکەیان بۆ وەربگرێت بەو پێیەی ڤاڵبوێنا و بەنزیمە هاوڕێن.

لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٥دا لە میانەی کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی فەڕەنسا، بەنزیمە دەچێتە ژووری مانەوەی ڤاڵبوێنا و دەیترسێنێت و دەڵێت “ئەو کەسانە گەورە و مەترسیدارن و باشترە پارەکەیان پێبدات”. هەروەها کەریم دەڵێت “من دەتناسێنم بە کەسێم کە دەتوانی متمانەی پێبکەیت و دوای پارەدانەکە، ئەو گرتەکان دەسڕێتەوە”, ئەو کەسەش زێناتی هاوڕێی منداڵیەتی”.

خودی بەنزیمە لە دادگا دانی بەوەدانا کە ئەو قسانەی بە ڤاڵبوێنا وتووە.

بەنزیمە دوای ئەوە پەیوەندی بە زێناتییەوە دەکات و دەڵێت “ڤاڵبوێنا  ناترسێت لێمان”. هاوڕێکەشی وەڵام دەداتەوە “کە ئەوان دەیانەوێت دۆخەکە چارەسەربکەن و ئەگەر نایەوێت ئێمە لەم نێوەندەدابین ئەوا قرشەکان لەمەودوا مامەڵەی لەگەڵ دەکەن’. لەوکاتەدا پۆلیس چاودێری سەرجەم پەیوەندییەکان دەکات و ئەم قسانە تۆمار دەکات،

پاش ئەوەی پۆلیس بەڵگەی پێویستی لابوو، تۆمەتبارەکان بانگهێشتی دادگاکران. بەنزیمە هەرگیز دانی بەوەدا نەنا کە تۆمەتباربێت ئەوەش دادگاییەکەی درێژکردەوە بۆ زیاد لە شەش ساڵ و تاوەکو ئەمڕۆ دادگا بەفەرمی بەنزیمەی بە تاوانبار لە قەڵەمدا. سزاکەی ساڵێک زیندانی مەرجدار و ٧٥ هەزار یۆرۆ بوو.

دوای ئەوەی کەیسەکە بەفەرمی چووە دادگا، بەنزیمە لە هەڵبژاردەی فەڕەنسا دوورخرایەوە و ڤاڵبوێناش هەرگیز یاری بۆ وڵاتەکەی نەکردووە. بەڵام کەریم لەمساڵدا و بەر لە یۆرۆ سەرلەنوێ بانگهێشتی وڵاتەکەی کرایەوە.

Back to top button