عێراقکوردستان

یانەی زاخۆ کێبڕکێی سەرووی ڕیزبەندی خولی نایابی عێڕاق دەکات

یاریگا-

لە گەڕی پێنجەمی خولی نایابی عێڕاق بڕیارە ئەمڕۆ ئێوارە کاتژمێر 3 یانەی نەورۆز بەرامبەر یانەی سەناعە یاری بکات.

نوێنەرەکەی شاری سلێمانی دوێنێ لە سەریاریگای تایبەت بە یانەی سەناعە لە شاری بەغداد دوایێن ڕاهێنانی خۆی ئەنجامدا بەسەرپەرشتی وەلی کەریمی ڕاهێنەری.

نەورۆز لە سێ یاریدا خاوەنی تاکە خاڵێکە و لە پلەی هەژدەیەم دێت، یانەی سەناعەش بە 4 خاڵ پلەی سێزدەهەمی خولی نایابی عێڕاقی گرتووە.

سبەی پێنج شەممە لەسەر یاریگای گەل لە شاری بغداد یانەی زاخۆ دەبێتە میوانی یانەی شوڕتە، زاخۆ تا ئێستا لە چوار یاری ڕابردوودا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە و بە 10 خاڵ لە پلەی سێیەمدایە، هەرچی یانەی شوڕتەیە بەهەمان خاڵ و بەجیاوازی تاکە گۆڵێک ڕیزبەندی دووەمی خولی نایابی عێڕاقی گرتووە.

یانەی هەولێر یەکەم یاری خۆی لە ژێر سەرپەرشتی ڕاهێنەری تونسی ( تارق جەرایا ) سبەی پێنج شەممە بەرامبەر یانەی دیوانیە ئەنجامدەدات، هەولێر لە چوار یاری ڕابردوودا هیچ سەرکەوتنێکی تۆمارنەکردووە سێ بەرامبەر بوون و شکستێکی هەیە خاوەنی سێ خاڵە لە پلەی چاردەم دێت، یانەی دیوانیەش سێ یاری ئەنجامداوە لە هەرسێ یاری تووشی شکست هاتووە و لە کۆتا ڕیزبەندی خولەکە دێت.

لە دەسپێکی گەڕی پێنجەمی خولی نایابی عێڕاقەوە بەبڕیاری وەزارەتی تەندروستی عێڕاق هاندەر دەتوانن بەڕێژەی ٪30 لە یاریگا ئامادەبن، دوای ساڵ و نیوێک دابڕان لە یاریگاکان جارێکی تر بڕیاری گەڕانەوەی هاندەر بۆ نێو یاریگاکانی عێڕاق درا بەومەرجەی هاندەری ئامادەبوو ڤاکسینی کۆڕۆنای وەرگرتبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button